ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی یەکخستنی یاسای خانەنشیانی لەگەڵ عێراق پەسندکرد

03-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەیدا پێشنیازی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ پەسندکرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی (چوارشەممە، 3-7-2024) لە راگەیێندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەی خستەڕوو، کە لە بەشێکیدا هاتووە "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی پێشنیازی وەزارەتی دارایی و ئابووری و تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی دا، بە یەکخستنی یاسای خانەنشینی لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەپێناو بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێم و هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ."
 
وەزارەتی دارایی و ئابووری، دیوان و سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردران رێکاری یاسایی و ئیداریی پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن، تاوەکو سەرجەم پێداویستییە دارایی و یاساییەکان تەواوبکرێن و لەسەر ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستانیش، وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام بێت لە هەنگاوەکانی ئامادەسازیی رێکخستنەوەی کەرتی خانەنشینی لە چوارچێوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدراڵیی ژمارە 9ـی ساڵی 2014، تاوەکو دواتر رێککەوتنی پێویستی لەسەر بکرێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا، ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لە راپۆرتێکدا داتا و زانیاری بابەتی هاوتاکردنی مووچەی خانشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو.
 
ئاوات شێخ جەناب دەڵێ "لە راپۆرتی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی، پێشنیار کراوە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، کار بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بکرێت، بە ئاراستەی یەکسانيی لە مووچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی خانەنشینان.
 
بەپێی داتای فەرمی؛ لە هەرێمی کوردستان 277 هەزار و 541 کەس خانەنشینن، کە کۆی مووچەی مانگانەی ئێستایان 122 ملیار دینارە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی 220 هەزار دینارە، لە کاتێکدا کەمترین مووچە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق 500 هەزار دینارە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، هەریەک لە ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون روونکردنەوەیان لەبارەی ئەو بابەتە داوە.
 
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران وردەکاریی جیاوازییەکانی نێوان هەردوو یاسای خانەنشینی کارپێکراو ''لە هەرێم ژمارە 27ـی ساڵی 2006 و یاسای خانەنشینی یەکگرتووی فیدڕاڵ ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی خستەڕوو، ئاماژەی بەوە دا بەشێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لە بەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمە، کە مووچە و شایستەکانیان هاوتا دەکات لەگەڵ هاوەڵەکانیان لە حکومەتی فیدراڵ."
 
ئەو بەرژەوەندییەی ئامانج رەحیم باسی دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا بەمشێوەیە روونیکردووەتەوە؛ جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014 لەبەرژەوەندیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە "لەڕووی کەمترین بڕی مووچەی خانەنشینی لە هەرێم، کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کەمترە، ئەمە جگە لە دەرماڵەی بژێوی، کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە و مانگانە بۆ خانەنشینانی عێراق خەرج دەکرێت لەسەروو مووچەکانیان، سەرەڕای وەرگرتنی پاداشتی کۆتایی خزمەت لە لایەن خانەنشینان لە حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای کۆی دوا مووچە و دەڕماڵە، نەوەک تەنیا مووچەی بنەڕەتی."
 
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا؛ بە جێبەجێکردنی یاسای ساڵی 2014، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بە یەک یاسا و مەرج و پێوەر، خانەنشین دەکرێن و یەک دامەزراوەش بە ناوی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی، تایبەتمەند دەبێت بە خانەنشینی لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (شارستانی و سەربازیی و پێشمەرگایەتیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) کە ئێستا بە گوێرەی یاسای ساڵی 2006 هەر یەک لەم پۆستانە یاسای خانەنشینی تایبەت بە خۆیان هەیە.
 
 سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بڕیاری ژمارە 212 لە دادگەی فیدراڵی لە 23-11-2022ـوە دەرچووە، کە بڕگەیەکی تێدایە دەڵێت لە بەرواری دەرچوونی ئەو بڕیارەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014، واتا فەرمانبەران لە 23-11-2022ـوە، دەبێت بەپێی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014 سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە