رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 21ـی ئەم مانگەوە گەشتی عومرە دەستپێدەکاتەوە. خاوەنی کۆمپانیایەکی حەج و عومرە دەڵێت، بەراورد بە مانگەکانی رابردوو، نرخ دابەزیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-07-2024، حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆمپانیاکانی حەج و عومرە ئاگادار دەکەنەوە لە 21ـی تەممووزەوە به ههردوو رێگهی ئاسمانی و وشكانی بە فەرمی گەشتی عومرە دەستپێدەکاتەوە و هەر کۆمپانیایەک پێش ئەو کاتە گەشت رێکخبات سەرپێچییە.
حاجی هۆشیار خاروکی، خاوەنی کۆمپانیای حەج و عومرە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا بۆ گەشتی عومرە ناو دەنووسن و لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکە 375 دۆلارە، بەڵام بە رێگەی ئاسمانی گرانترە و لە 700 بۆ 900 دۆلارە.
جیاوازیی نرخی گەشتی عومرە بە رێگەی ئاسمانی پەیوەندی بە خزمەتگوزارییەکانەوە هەیە. حاجی هۆشیار دەڵێت: "زیاتر پەیوەندی بە هۆتێلەکەوە هەیە؛ نزیک بێت گرانترە".
ئەوانەی گەشتی عومرە دەکەن، 10 رۆژ لە سعودیە دەمێننەوە؛ 7 رۆژ لە مەککە و سێ رۆژ لە مەدینە.
لە راگەیێندراوەکەی بەڕێوهبهرایهتیی گشتیی حهج و عومرەدا هاتووە: "بۆ رێكخستنی زیاتر و خزمهتكردنی باشتر بۆ عومرەكاران بۆ ئهم ساڵ، پلانێكی تازه داڕێژراوە و سهر له نوێ ئهنجامدانی گرێبهست لهگهڵ كۆمپانیاكانی عومره دهستپێدهكاتهوه".
نزیکەی دوو مانگە بەهۆی ئەنجامدانی رێوڕەسمەکانی حەجەوە، گەشتەکانی عومرە بۆ سعودیە راگیراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ