ژینگەی دهۆک: پارکەکانی ئالووکا و بەرۆشکێ رووبەری سەوزایی زیاد دەکەن

03-06-2024
پەیمان محەممەد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک دەڵێت، دروستکردنی دوو پارکی نوێ لە دهۆک دەبێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە رووبەری سەوزاییدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کافتریا، رێستورانت و هۆتێل لەو پارکانەدا دەبن.
 
رۆژی دووشەممە 03-06-2024، دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''ئەو دوو پارکەی ئەمڕۆ لە سنووری دهۆک بەردی بناخەیان بۆ دانرا، دوو پڕۆژەی سوودمەندن کە کاریگەرییەکی باشیان لەسەر پاککردنەوەی هەوا و تەندروستیی خەڵک دەبێت".
 
رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی دوو پارک بە ناوەکانی ئالووکا و بەرۆشکێ لە دهۆک دانرا.
 
دڵشاد عەبدولڕەحمان گوتی: دوو پارکەکە ''لە بواری ئابووریشەوە سوودێکی بەرچاویان بۆ پارێزگاکە دەبێت. چەندە رێژەی سەوزایی زیاتر بێت، گەشتیارێکی زیاتر روو لە شارەکەش دەکەن".
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک رایگەیاند، رێژەی سەوزایی لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 13٪ـە و گوتیشی: ''چەندین شوێنی دیکە بۆ دروستکردنی پارک و بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی تەرخانکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە کاریان لەسەر نەکراوە."
 
بڕیارە پارکەکانی ئالووکا و بەرۆشکێ لەسەر رووبەری 700 دۆنم زەوی دروستبکرێن و دەکەونە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی دهۆک. دڵشاد عەبدولڕەحمان پێیوایە ''بە دروستکردنی ئەو دوو پارکە، رێژەی سەوزایی شارەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی دهۆک، بۆ هەڵبژاردنی جۆری داری پارکەکان، راوێژ لەگەڵ کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی دهۆک کراوە و ''بۆ ئاودێریی پارکەکانیش سیستمی ئاودێریی دڵۆپە بەکاردەهێندرێت''.
 
وەک دڵشاد عەبدولڕەحمان دەڵێت، خزمەتگوزاریی تایبەت بە شوێنێکی گەشتیاری لە هەردوو پارکەکە دابین دەکرێت و گوتی: ''پارکی ئالووکا هۆتێل و گۆمی تێدا دەبێت و لە بەرۆشکێشدا هەندێک خواردنگە، کافتریا و گەراجی ئۆتۆمبێل دەکرێنەوە".
 
گوژمەی تەرخانکراو بۆ دروستکردنی پارکی ئالووکا 128 ملیار دینار و بۆ پارکی بەرۆشکێش چوار ملیار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو پیاوەی لە هەولێر فێڵی لێکراوە قسە بۆ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو دەکات

بە فێڵێک لە فەیسبووکەوە نزیکەی 22 ملیۆن دیناری لە پیاوێکی هەولێر سەندراوە

هاونیشتمانییەک لە رێگەی ریکلامێکی فەیسبووکەوە دەکەوێتە داوی فێڵێکی ئۆنڵاینەوە. بەناوی وەبەرهێنان لە بووکینگی هۆتێل، قۆناخ بە قۆناخ نزیکەی 22 ملیۆن دیناری لێدەسەندرێت کە بە قەرز وەریگرتبوو؛ ئێستا سکاڵای تۆمار کردووە