رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەکانى تورکیا بە سەختى زنجیرە چیای مەتین و گارە لە سنوورى ناحیەکانی دێرەلووک و شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدى بوردوومان کرد، دانیشتووانى ئەو ناوچەیە ڤیدۆیان بۆ رووداو ناردووە و دەڵێن هیچ زیانێکی گیانى نەبووە، بەڵام بۆردوومانکردنی ئەمجارە "زۆر سەختبووە".
هەلکەفت دۆسکى، دانیشتووی ناحیەی دێرەلووک وێنە و ڤیدیۆی بۆردوومانەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردوون و رایگەیاند کاژێر 10:00ی بەیانى ئەمڕۆ شەممە تاوەکو 11:30 خوولەک فڕۆکەکانى تورکیا بە سەختى سۆرێ سگێرێ، نزیک گوندى سەرگەلی، گوندى هێتوتی کۆن لە زنجیرە چیای مەتین و زنجیرە چیای گارە و گوندى کافیا لە سنوورى هەردوو ناحیەی دێرەلووک و شێلادزێ بوردمانکرد.
دەربارەی زیانەکان، ئەو دانیشتووەی ناحیەی دێرەلووک رایگەیاند، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام بۆردوومانى ئەمجارە "زۆر بەهێز بووە" و ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانى ناوچەکە دروستکردووە".
دوای ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان لە 14ـی مانگى رابردوو، تورکیا بۆردوومانەکانى لە ناوچەکانى سنوورى قەزای ئامێدى و شنگال چڕکردووەتەوە. تاوەکو ئێستا نزیکەى 30 جار ناوچەکانى سنوورى دهۆک و شنگال بۆردوومانکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ