رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 9-6-2022، لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی جێنین پلاسخارت کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن و قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دەکەن. دەشڵێت، "سوورین هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت."
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکە قسەی کرد.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان کرد لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی پلاسخارت و گوتی: رۆژی پێنجشەممە 9-6-2022، لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی جێنین پلاسخارت کۆبوونەوەیەک دەکەن و قسە لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دەکەن کە لایەنە سیاسییەکان نزیکن لەیەکەوە.
لەبارەی گرنگی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، هێمن هەورامی گوتی، "کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان هاوکارێکی گرنگی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، چونکە لە هەشت مانگدا چەندین کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان کرا، بەڵام نەگەیشتینە ئەوەی رێککەوتن بکرێت."
هێمن هەورامی: سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە 1ـی 10دا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی باش هەبێت و بتوانین بەپەلە هەر هەموارێک کە پێویست بکات یان پێویست نەکات [بیکەین]، کۆمیسۆن کارا بکەینەوە، پێمان وایە دەکرێت لە 1ـی 10 هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت. ئەگەر نەشتوانرا لە رووی تەکنیکییەوە لەو کاتەدا ئەنجام بدرێت، دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت تاوەکو لە نزیکترین کاتدا بێت، بەڵام ئێستا تواناکانمان بۆ ئەوە دەبێت هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆ پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی دیموکراسی باشترە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت. دواکەوتنی هەڵبژاردن دیاردەیەکی گونجاو نییە.
هادی سەلامی، پەیامنێری رووداو پرسیاری لە هێمن هەورامی کرد، "هەڵبژاردن ئەگەری چەندی هەیە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت یان بەڕێوەنەچێت؟" لە وەڵامدا گوتی: قسە لەسەر ئەگەر ناکرێت بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی 10 دیاریکردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت. ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی باش لای هەموو لایەنە سیاسیی و فراکسیۆنەکان هەبێت ئێمە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان سوورین لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت بۆیە دەبێت هەموو هەوڵەکانمان لە پێناوی ئەوەدابێت کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.
دوێنێ پێنجشەممە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، هێمن هەورامی دەڵێت، "دانیشتنەکە پڕبایەخ بوو، چونکە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەکی گرنگ درا و خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پێشنیازەیاسایەکی دیکەش کراوە."
لە دانیشتنەکەی دوێنێدا وەزیری تەندروستی بەشداریی کرد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان چوونی وەزیر بۆ پەرلەمان بە "گرنگ" ناو دەبات و گوتی، "77 پەرلەمانتار 256 پرسیاریان کردووە و وەڵامیان دراوەتەوە."
هێمن هەورامی جەخت لە بەردەوامی دانیشتنەکان دەکات و دەڵێت، "هەوڵدەدەین رۆژی سێشەممە 7-6-2022 کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت."
لەبارەی بەردەوامی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ گەیشتنە رێککەوتن، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە کرد، "لەنێو پەرلەمان فراکسیۆنەکان لە گفتوگۆدان و لە دەرەوەی پەرلەمانیش هێزە سیاسییەکان لە گفتوگۆدان، چونکە بابەتی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن، دەستوور رەهەندێکی سیاسیی هەیە پێش ئەوەی رەهەندێکی یاسایی هەبێت."
هێمن هەورامی باسی لەوە کرد: هەوڵدەدەین پەرلەمان بە ئەرکە یاساییەکەی خۆی هەڵبستێت کە بریتییە لە چاودێریکردنی دامەزراوەکانی حکومەت. ئەمەش هاوکارە کەشێکی سیاسیی ئارامتر هەبێت و پشتیوانی هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم و پەیوەندی لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆئەوەی بتوانین تێگەیشتن و زەمینەسازییەکی باشتر هەبێت. هەروەها لەباری دەروونی سیاسیشەوە ئامادەیی گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت.
لەبارەی ئارامیی لە گفتوگۆکانی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان، هێمن هەورامی باسی لەوە کرد، "هاوکارێکی گەورەیی لایەنی سیاسیی دەبێت بۆئەوەی بتوانین خاڵی هاوبەش لە بابەتی یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن، دەستوور و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا زیاتر بکەین و زەمینەی لێکتێگەیشتن زیاتر بکەین."
رۆژی 12-6 دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی 200 ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستانەوە کۆدەبێتەوە، هێمن هەورامی دەڵێت، "نازانین بڕیارەکە چی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ