رووداو-سۆران
به گوژمه‌ی نزیك 600 ملیۆن دۆلار، كه‌مپی زانكۆی سۆران له باپشتیان و له‌سه‌ر خه‌ره‌ندی رواندز بنیاد ده‌نرێت، پرۆژه‌كه به چوار قۆناخ جێبەجێ ده‌كرێت و ئێستا كاری دیزاین و رێگاوبان و ئاوەڕۆی تەواو كراون.
نزار شاكر سه‌رپه‌رشتیاری به‌شی ئه‌ندازیاری زانكۆی سۆرانه، ئەو بە رووداوی راگەیاند: "قۆناخی یه‌كه‌می لە دەستپێکردندایە كه بریتین له 18 باڵه‌خانه و ئاماده‌ی ته‌نده‌رینن و له‌و چه‌ند رۆژه ده‌ست به‌كاره‌كانی ده‌كرێت. رێگاوبانه‌كانیش كه ته‌واو بوونه و ته‌نانه‌ت سیسته‌می ئاوەڕۆی قۆناخی ده‌ستپێكردنی ته‌واوبووه.
پرۆژه‌كه نۆزده باڵه‌خانه له خۆده‌گرێت، ره‌چاوی ته‌واوی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زانكۆیەكی مۆدێرنی تێدا كراوه، هه‌موو زانكۆ به كۆلێژ و ته‌واوی به‌شه‌كانیەوە لەوێ كۆده‌كرێنه‌وه، كۆمپانیایەكی نه‌مساوی ئه‌ركی دیزاینی له ئه‌ستۆ بووه‌و كۆمپانیایەكی توركیش پرۆژه‌كه جێبەجێ ده‌كات.
چیا یوسف، ئه‌ندازیاری بیناسازی بە رووداوی راگەیاند: "قۆناخه سه‌خته‌كانی زه‌وی و دیزاین و ژێرخان سه‌ختن، ماوه‌و تێچووی ده‌وێت ئێستاش كاتی ده‌ستبه‌كار كردنی پرۆژه‌كانه‌و له‌و چه‌ند رۆژه رایده‌گه‌یه‌نین".
سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ ئێستا له بینای كرێدایه، قه‌یرانی دارایی پرۆژه‌ی كه‌مپی زانكۆی دواخستووه. د. موسلح مسته‌فا، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران رایگەیاند: "له قه‌یران وانه‌مان وه‌رگرت و نه‌وه‌ستاین به‌دوای كاره‌كه‌مانه‌وه تاوەکو گه‌یشتینه ئه‌مڕۆ و ئێستاش قۆناخی ژێرخانی به‌كۆتا هاتوون و سۆران ده‌بێته خاوه‌ن كه‌مپێكی زانكۆی بێوێنه له هه‌موو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و یه‌كێك له كه‌مپه جوانه‌كانی جیهان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ