رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران دەڵێت، کەللەسەری ژنەکەی ئەشکەوتی شانەدەر کە بۆ توێژینەوە لەسەری، لە زانکۆی کامبریجی بەریتانیایە، دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، دوای تەواوکردنی کارەکانی لێکۆڵینەوە و رووپێوی، ئەشکەوتی شانەدەر دەکرێتە شوێنێکی گەشتیاری.
رۆژی هەینی، 03-05-2024، عەبدوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ژیار حەکیم پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ئەو کەللەسەرەی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، کەللەی سەری ئافرەتێکی نیاندەرتاڵە، کە تەمەنی لە نێوان 40 بۆ 45 ساڵ بووە.
عەبدولوەهاب سلێمان گوتی، لە رێگەی ئەو دۆزینەوەیە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان توانرا شێوە راستەقینەکەی رووخساری مرۆڤی نیاندەرتاڵ بزانرێت.
کەللـەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ کە لە ساڵی 2018 لەلایەن تیمێکی زانکۆی کامبریجی بەریتانی لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە، دەبێتە سەرچاوەی تێگەیشتنی نوێی جیهان بۆ ژیانی نیاندەرتاڵەکان و بابەتی بەڵگەفیلمێکی نوێی نێتفلێکس کە کۆتایی ئەم هەفتەیە بڵاوکرایەوە.
عەبدولوەهاب سلێمان دەڵێت: ''پێویستە ئەشکەوتی شانەدەر بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری، بەڵام هێشتا کارەکانی لێکۆڵینەوە و رووپێوی لە ئەشکەوتەکەدا کۆتایی نەهاتوون، لە ساڵی 1951وە کار لەسەر ئەو ئەشکەوتە دەکرێت.''
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران گوتیشی: ''بەنیازین ئەم ئەشکەوتە بکەینە شوێنێکی گەشتیاری و سەردانیکەران بتوانن وەکو مۆزەخانەیەکی مەیدانی لە نزیکەوە بیبینن.''
شێوەی کەللەسەرەکە کە دۆزرایەوە، هیچ پارچە ئێسکێک لە شوێنی خۆی نەمابوو. ئێسکوپروسکەکە هەر بەمشێوەیە هەڵگیرا و بە مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بردرایە بەریتانیا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. دوای کارێکی سەخت و هۆشیارانە، ئێسکەکان رێکخرانەوە و کەللـەسەرێکی نوێیان لێ دروستکرد.
عەبدولوەهاب سلێمان دەڵێت، بەپێی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ زانکۆی کامبریجی بەریتانیا هەیانە، ئەو پارچانەی کە لە ئەشکەوتەکە دەدۆزرێنەوە و بۆ تاقیکاری و چاککردنەوە دەنێردرێنە دەرەوە، جارێکی دیکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەک ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، کەللەسەری ئەو ژنە نیاندەرتاڵەش لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا دەگەڕێندرێتەوە مۆزەخانەی هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 1951، کاتێک بۆ یەکەمجار ئێسکەپەیکەری 9 پیاو و ژن و منداڵی نیاندەرتاڵ لە شانەدەر دۆزرانەوە، جیهان بۆی دەرکەوت کە نیاندەرتاڵەکانیش مرۆڤی ئاڵۆز و ژیر و خاوەن نەریتی ئایینی کۆمەڵایەتی بوون، چونکە ئەو ئێسکە پەیکەرانە، هەموویان بە یەک شێواز بەخاکسپێردراون و یەک رووگەیان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ