رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی حکومەت لە پڕۆژەی "هەژماری من" ئەوەیە، خەڵک سەرپشک بێ لەگەڵ کام بانکدا مامەڵە دەکات.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کە رۆژی هەینی 3ی ئایار لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت، "لەم بابەتەدا (هەژماری من) نامانەوێت نە قۆرخکاریی بەغدا هەبێت و نە هی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "دەمانەوێت زۆرترین بژاردە لە بانکە حکومی، ئیسلامی، نێودەوڵەتی و تایبەتەکان بخەینە بەردەستی هاووڵاتییان."
بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ەوە یەکێکە لە پرسەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، تاوەکو سێشەممەی رابردوو 30ـی نیسان، نزیکەی 300 هەزار فەرمانبەر هەژماری منیان بۆ کراوەتەوە و لەو ژمارەیە 200 هەزاریان کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ