راپۆرتی پشکنەری گشتی ئەمریکا: وەزیری پێشمەرگە گوتی هێزەکانی 70 و 80 لە 2026 بەتەواوی دەخرێنە سەر وەزارەتەکەی

03-05-2024
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پشکنەری گشتیی ئەمریکا سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشکەوتن لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا هەیە، بەڵام هێشتا ئاستەنگە سیاسییەکان لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا ماون و "هەستی نادادپەروەری" لەنێوان ئەو یەکانەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە کە پێشتر سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.
 
راپۆرتەکە دەشڵێت، ئەمریکا هانی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەدات "گفتوگۆی بەردەوام بکەن، سازش بۆ یەکدی بکەن و متمانە لە نێوانیاندا دروست بکەن."
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە راپۆرتی وەرزیی سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵی پشکنەری گشتیی حکومەتی وڵاتەکەی سەبارەت بە کاری هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و باشوور و رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، بەشێکی راپۆرتەکە تایبەتە بە کاری هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، بەرپرسانی ئەمریکا و کورد کۆبوونەوەی ساڵانەی لیژنەی جێبەجێکاری سەرەکیی لە هەولێر کرد، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاوی گرنگی ناوە لە چاکسازییە دارایی و پێکهاتە سەربازییەکانی دا، ئەمەش بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا."
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، فیرقەکانی یەک و دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە تەواوەتی لە مانگی ئاداری ئەم ساڵ دەسبەکاربوون، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا.
 
هاوکات، بەپێی راپۆرتەکە، سەرباری پێشکەوتنەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چاکسازیی هێزەکانی پێشمەرگە، هێشتا ئاستەنگە سیاسییەکانی بەردەم ئەم پڕۆسەیە ماون، وەکو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەو چاکسازیانەی بە هەبوونی "هەستی نادادپەروەری" لەنێوان ئەو یەکانە ناوبردووە، کە ئێستا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن و پێشتر سەر بە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.
 
هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، راوێژکارەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی رۆتینی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبنەوە و هانیان دەدەن لەسەر هەبوونی گفتوگۆی بەردەوام و سازشکردن بۆ یەکدی و دروستکردنی متمانە لە نێوانیاندا.
 
راپۆرتەکە باس لە کاریگەریی گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ وەزارەتەکەی لەسەر پڕۆسەی چاکسازی دەکات و دەڵێت، بە گوتەی وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2026، هێزەکانی 70 و 80 کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن، بە تەواوەتی دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە