رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو لە کاژێر 01:00ی بەرەبەیانییەوە تاوەکو 09:00ی بەیانی لە تەواوی سەنتەری پارێزگاکان و شارەکانی دیکە لێزمەباران دەبارێت.
ئەمشەو هەینی دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینییەکان بە جۆرێکن بارانبارینەکە سەرتاسەری بێت و لە چەند ناوچەیەک بڕی زیاتر دەبارێت بەراورد بە ناوچەیەکی دیکە."
بە گوتەی دیلان رەشاد، ناوچەکانی دەشتی هەولێر، کۆیە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، هەروەها لە قەزای دووکان بەراورد بە شارەکانی دیکە، بارانی زیاتر دەبارێت.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەنێوان ئەو کاژێرانەدا جار جار خۆش دەکاتەوە، واتە بارانەکە ناوبەناو دەبێت."
دیلان رەشاد گوتیشی، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە لە ئەگەری بارانبارینی زۆر بۆ ئەوەی لە ئامادەباشیدا بن.
ئەو هۆشدارییە لە کاتێکدایە، بەهۆی بارانبارینی 24 کاژێری رابردووەوە، لە هەرێمی کوردستان چوار کەس کە بۆ گەشتی شاخەوانی چووبوونە قەزای قەرەداخ گیانیان لەدەستدا؛ هەروەها لە چەند شار و شارۆچکەیەک ئاو چووە نێو ماڵانەوە و زیانی مادی پێگەیاندن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ