رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سنووری قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی، چوار کەس لە ئەندامانی گرووپێکی شاخەوانی کەوتنە نێو ئاوەوە. قایمقام دەڵێت، هەر چواریان خنکاون. بەرگریی شارستانیی سلێمانیش رایگەیاند، گرووپەکە 12 کەس بوون.
رەئووف کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداخ ئەمڕۆ هەینی 03-05-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چوار ئەندامی ئەو گرووپە شاخەوانییە خنکاون.
هاوکات ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "گرووپێکی شاخەوانیی 12 کەسی بەناوی گرووپی سەگرمە. چوار کەسیان نازانین مەلەیان کردووە یاخود لافاو بردوونی."
رەئووف کەمال گوتیشی، "تیمە شاخەوانییەکە لە سلێمانییەوە هاتبوون و سەرەتا چووبوونە گوندەکانی بەڵخەی خواروو و سەروو، دواتر چووبوونە گوندی ئاوەسپی و لەوێ کەوتبوونە بەر تەوژمی لافاو."
شێخ رەئووف دەڵێت، "گرووپەکە دەڵێن هاتوون ئەو شیو و تاڤگانەی ئاویان پێدا دێتە خوارەوە و کەموکورتییان هەیە، بەرد و شیشیان بۆ دابنێن، بەڵام کاتێک گەڕاونەتەوە لافاو و زریانەکە زۆر بووە و چواریان کەوتوونەتە نێو ئاوەوە."
قایمقامی قەرەداخ ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر بە تیمەکەیان گوتووە، ئەگەر چوونە ئەو شوێنانە، ئەوان ئاگادار بکەنەوە بۆئەوەی تیمی هاوکارییان لەگەڵ بنێرن، بەڵام ئەوان بێ ئاگاداریی لایەنە فەرمییەکان چوون.
تیمی فریاگوزاریی قەزای قەرەداخ رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ