لە گەرمیان گۆمێکی دەستکرد سەرڕێژ بووە و مەترسیی رووخانی لەسەرە

03-05-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە نزیک شارۆچکەی شێخ تەویلی گەرمیان، گۆمێکی دەستکرد سەرڕێژ بووە و بۆ رێگری لە رووخانی، ئاوەکەی بەردراوەتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەردانەوەی ئاوەکە مەترسیی لەسەر دوو گوند دروستکردووە.
 
لە نێوەڕاستی هەفتەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش (هەینی 03-05-2024) لە زۆربەی ناوچەکان لێزمەباران بوو. بە گوتەی هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە گەرمیان، بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە، مەترسیی رووخانی گۆمێکی دەستکرد هەیە کە کەوتووەتەوە نزیک شارۆچکەی شێخ تەویل.
 
شایەتحاڵان بە رووداویان گوت، کاژێر 03:30ی بەرەبەیان، بەشێکی گۆمە دەستکردەکە رووخاوە و مەترسیی هەرەسهێنانی لەسەرە، بۆیە دانیشتووانی شێخ تەویل رێڕەوی بەردانەوەی ئاوی پۆندەکەیان، کە پێشتر داخرابوو، کردووەتەوە بۆئەوەی رێگری لە رووخانی بکەن.
 
 
پەیامنێری رووداو گوتیشی، بەردانەوەی ئاوی گۆمە دەستکردەکە مەترسیی لەسەر هەردوو گوندی شۆراو و قەڵا تۆپزان و پردێک دروستکردووە.
 
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، لەو ناوچەیەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، کە گۆمە دەستکردەکەی لێیە، نزیکەی 95 ملـلیمەتر باران باریوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لەدوای نیوەڕۆوە، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، کاریگەریی شەپۆلە بارانەکە زیاتر دەبێت و بارانی بەلێزمە دەبارێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە