کۆنسووڵی بەریتانیا بۆ گەنجان لەکاتی سەردانی بۆ رووداو: پارەکانتان لە کۆچی نایاسایی بەفیڕۆمەدەن

03-05-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر سەردانی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، لەگەڵ بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو کۆبووەوە و سەردانی بەشەکانی دیکەی رووداوی کرد. لە هەڤپەیڤینێکیشدا، باسی لە کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی کرد.
 
ئەمڕۆ 3ـی ئایاری 2022، رۆزی کەیڤ، کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کە لە 16ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ وەک نوێنەری فەرمیی حکومەتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو، سەردانی نووسینگەی سەرەکیی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد، لەلایەن بێستوون نووری، بەڕێوەبەری نیوزگازەرینگی رووداو پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە کاری رووداو و رۆژنامەڤانی لە کوردستان کرا.
 
رۆزی کەیڤ لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "ئەم سەردانەم بۆ رووداو دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان" هەروەها سوپاسی رووداوی کرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە بۆیان.
 
هەر لەو سەردانەدا پێشکێشکاری رووداو نمە نەبەز هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە رووی سیاسی، ئابووری و هەروەها پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵدا کرد کە بەم نزیکانە پەخشدەکرێت.
 
کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە هەڤپەیڤینەکەدا لەبارەی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت روو لە بەریتانیا بکەن گوتی، "من لێرەوە پێیان دەڵێم کە ژیانی خۆیان و پارەکانیشیان نەخەنە مەترسییەوە، بەهۆی ئەوەی کۆچکردنی نایاسایی زۆر مەترسیدارە." 
 
هەروەها باسی لەو دەرفەتانەکرد کە حکومەتی بەریتانیا لە رێگەی کۆنسوڵخانەکەیەوە پیشکەشی گەنجانی هەرێمی کوردستانی دەکات، لەوانەش راهێنانی کار و پڕۆگرامی چیڤنینگ کە تایبەتە بە پێشکەشکردنی دەرفەتی خوێندنی باڵا لە بەریتانیا، بۆ خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە