رووداو دیجیتاڵ
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژنی رەمەزان دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی جەژن هەموو ئاسانکارییەک دەکەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری هەولێر گوتی، بەهۆی ئەوەی نەورۆز کەوتە نێو مانگی رەمەزانەوە پێشبینی دەکەن ئەم جەژنی رەمەزانە گەشتیاری زیاتر لە جەژنەکانی رابردوودا سەردانی هەولێر بکەن. گوتیشی، "ئاسانکاریی زۆر بۆ گەشتیاران کراوە لە بازگەکان، بە جۆرێک، پاسێکی گەشتیاری بە نزیکەی پێنج خولەک رێگەی هاتنە هەولێری پێدەدرێت."
هەروەها داسیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ساڵانە لە بازگەکان پێشوازی لە گەشتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن و ئەم ساڵیش بۆ پێشوازی لە گەشتیاران رێکارە پێویستەکان جێبەجێ دەکەن.
لە هەڵەبجە ئامادەکاری نەکراوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە جەژنی رەمەزان بکەن.
هەورامان جەلال، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە رووداوی گوت، بۆ پێشوازی لە گەشتیاران هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەن و بەرنامەی کارەکانیان بڵاودەکەنەوە.
لە پارێزگای دهۆکیش ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران دەستیپێکردووە.
بێوار سندی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، ئەو گرووپە گەشتیارییانەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەردانی دهۆک دەکەن، دەچنە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ و ئەوانیش ئامادەکارییان بۆ پێشوازییان دەستپێکردووە.
گوتەبێژی گەشتوگوزاری زاخۆ گوتیشی، هۆتێل و رێستۆرانتەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت رۆژانی جەژن کراوە بن لە خزمەت گەشتیاراندا. ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانیش خاوێنکراونەتەوە و ئەوانەشی پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە بێت، کاریان تێدا دەکرێت و تاوەکو جەژن ئامادە دەبن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاری وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمار کراون.
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی 2022، شەش ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس و ساڵی 2021 چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمار کراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاریی تۆمار کراون بەم شێوەیەن:
- هۆتێل 468
- موتێل 267
- کۆمەڵگەی گەشتیاری 33
-گوندی گەشتیاری 20
- توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە 63 هەزار و 682
- چێشتخانە - رێستۆرانت 524
- کافتریا 657
- کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری 518
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ