رووداو دیجیتاڵ
راگرتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە هەولێر و سلێمانی رەتدەکرێتەوە. بەرپرسێک لە بانکێکی سلێمانی دەڵێت، مووچە دابەش دەکەن و پارەی پێویستیان لەبەردەستە.
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەریەکە لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیواکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شوبات وەردەگرن.
هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کە دابەشکردنی مووچە بەهۆی نەبوونی پارەی نەختەوە لە سلێمانی و هەولێر راگیراوە. بەرپرسێک لە یەکێک لە بانکەکانی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئیستا کاژێر 12:00یە و قەرەباڵخییش لەسەرمان دروستبووە و مووچە دابەش دەکەین؛ پارەی پێویستیش بەردەستە."
ئەو بەرپرسە گوتیشی، ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی سڤیل، پێشمەرگەی خانەنشینی گوڵان و ئەیلوول لە بانکەکەی ئەوان دابەش دەکرێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان یەکێکی دیکەی لەو لایەنانەیە بڕیارە ئەمڕۆ مووچە وەربگرن. هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "گرفتێکی بچووکی کارگێڕیی ئێمە هەبوو لە وەزارەتی دارایی، بۆیە مووچەمان دابەش نەکراوە، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ چارەسەر ببێت بە دڵنیایی سبەی دابەشدەکرێت و کێشەی نەبوونی پارە نییە."
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، بڕیارە سبەی پێنجشەممە مووچەی هێزەکانی زێرەڤانی، بەرگری و فریاکەوتن، یەکەکانی 70 و 80، پۆلیسی دامودەزگە نەوتییەکان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ