دوای نزیکەی سێ مانگ بایکۆتکردن، خوێندن لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

04-04-2018
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
دوو هەفتە دوای هەولێر و دهۆک تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەکرێت
دوو هەفتە دوای هەولێر و دهۆک تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ دەکرێت
نیشانەکردن خوێندن
A+ A-

رووداو - سلێمانی

دوای نزیکەی سێ مانگ لە جێھێشتنی ھۆڵەکانی خوێندن و دەیان بەیاننامە و داواکاری لە حکومەت و پەروەردەی سلێمانی، بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریاندا دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە، بەو مەرجەی "مووچە بە سیستەمی نوێ لە وادەی خۆیدا بدرێت".

دڵشاد مەجید، بەڕێوەری قووتابخانەی دیاربەکر لە سلێمانی دەڵێت "کە مووچە درا و مامۆستایان چوونەوە بۆ قوتابخانە، دەستدەکەین بە کارەکانی خۆمان. ئەو مامۆستایانەشی کە نایەنەوە ئەو کات ئیشی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەیە رێکاریان لەگەڵ بگرێتەبەر".

لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان تاقیکردنەوەکان دوو ھەفتە لەدوای ھەولێر و دھۆک بەڕێوەدەچن، تەنیا رۆژانی ھەینی پشووە و شەممانیش وانە دەخوێنرێت.

بەکر محەممەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژ ھەڵاتی سلێمانی دەڵێت "بەو 32 رۆژەی کە ماومانە دەتوانین بەشێک لە پڕۆگرامەکان بخوێنین، لە 14ی مانگی داھاتوو کە دەکاتە دوو رۆژ دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەست بەتاقیکردنەوەکان بکەین و لە 23ی مانگ تەواو دەبین".

ئەو مانگەی کە ماوە بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەمساڵ بەشی تەواو کردنی وانەکان ناکات، بەڵام مامۆستایان سەرپشککراون، بەشی تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ وانە بڵێنەوە.

ھاوکار کەریم، بەڕێوەبەری تاقیکردنەوەکان لە سلێمانی دەڵێت "کاری زۆرمانکرد تاوەکو مامۆستایانمان رازیکرد، ئەگەر مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا پێبدرێت و مامۆستایان بەردەوامبن، ئەوکات دڵنیاتان دەکەمەوە پڕۆسەی خوێندن تەواودەکەین".

سەرباری ئەو بڕیارە ھێشتا بەشێک لەمامۆستایان سوورن لەسەر بایکۆتکردن، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی پەروەردە لەسلێمانی، ئەوانەی بایکۆت دەکەن ئەوەندە کەمن کە بەمامۆستایانی دیکە بۆشایی ئەوانیش پڕدەکرێنەوە و پرۆسەکە راناوەستێت.

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە