رووداو دیجیتاڵ
هاشم فەرحان، تەمەنی 50 ساڵە، باوکی سێ منداڵە و لە زاخۆ دەژین، زیاتر لە ساڵ و نیوێکە بەهۆی نەخۆشیی چاوەکانیەوە توانای کارکردنی لەدەستداوە، چاوی راستی بەتەواوی بینایی نابینێت، پزیشک هۆشداریشی لەبارەی لەدەستدانی بینایی چاوی چەپییەوە پێیداوە.
منداڵی گەورەی هاشم تەمەنی 10 ساڵە، هەرسێکیان قوتابین. تاوەکو دوو ساڵ پێش ئێستا چاوەکانی باشبوون و دەیتوانی رۆژانە بچێتە کرێکاری و بژێوی خێزانەکەی دابین بکات، ئێستا رێگەی دووری هاشم تاوەکو بەر دەرگەی ماڵەکەیەتی.
هاشم فەرحان، لە بەرپرسیار گوتی: "چاوی راستم بەتەواوی لەدەستداوە و ساڵێکە هەوکردنی بەردەوامە و رۆژانە دەرمان بەکاردەهێنم. زیاتر لە ساڵێکە قەرەنییەی چاوی چەپم وشکبووە، پێویستە نەشتەرگەری بکەم، بەڵام کەمدەرامەتم و توانای دابینکردنی خەرجییەکەم نییە. داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکارم بن تاوەکو بینایی چاوم لەدەستنەدەم."
هاشم پێشتر نەشتەرگەریی لە ئێران بۆ چاوێکی کردووە و هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەهۆی خراپی باری داراییەوە نەشتەرگەریی دیکەی نەکردووە. تەنیا داهاتی خێزانەکەی مووچەی مانگانەی 150 هەزار دیناری نیڤشکانە، کە ئەوەش وەک خۆی دەڵێت، بەشی سەردانێکی پزیشک ناکات.
دکتۆر فەوزی محەممەد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی چاو، لە بەرپرسیار، گوتی: "هاشم فەرحان، بەدەست حاڵەتێکی کۆنی درێژخایەنەوە دەناڵێنێت، نوێ نییە. ماوەیەکی زۆرە، چاوی راستی بینایی لەدەستداوە و لێڵی لەسەر چاوی هەیە کە پێویستی بە جوانکارییە. بەڵام چاوی چەپی پێشتر نەشتەرگەری چاندنەوەی عەدەسە و سەمام(دەمەوانە)ـی ئەحمەدی کردووە، بەڵام نەشتەرگەرییەکان سەرکەوتوو نەبوون. دەمەوانەکە شوێنەکەی باش نەبوو، بۆیە بەدەست ئازاری چاو و لێڵی بیناییەوە دەناڵێنێت. بۆیە پێویستە جارێکی دیکە نەشتەرگەری بۆ چاوی بکرێتەوە، وەکو دانانی دەمەوانە لە شوێنی گونجاو و چاندنی قەرەنییە."
وەک دکتۆر فەوزی محەممەد باسی دەکات، هاشم چاوی راستی بە تەواوی نایبینێت و "ئەگەر نەشتەرگەرییەکە نەکات 100٪ بینایی لەدەستدەدات". نەشتەرگەرییەکەی لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە دەرەوەی وڵات دەکرێت، خەرجییەکەیشی لە توانای هاشم دا نییە.
دکتۆر فەوزی محەممەد گوتی: " ئێستا فشاری چاوی جێگیرە، بەڵام چاوی تووشی پووکانەوەی دەمار و ناڕوونی قەرەنییە بووە، بۆیە بەدەست نابیناییەوە دەناڵێنێت، بەنزیکەیی هیچ نابینێت. بۆیە پێویستی بە نەشتەرگەریی دیکە هەیە لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو، بەڵکو هەندێک لە بینایی بۆ بگەڕێتەوە و بۆئەوەی پشت بەخۆی ببەستێت و پشت بە خەڵکی دیکە نەبەستێت."
ئاستی بینینی چاوی چەپی هاشم تەنیا 2٪ـە، رووناکی و جووڵەی دەستی پێدەبینیێت، ئەو چاوەیشی کێشەی پووکانەوەی دەماری و بینینی هەیە و بەردەوام لە تێکچووندایە و پێویستی بە نەشتەرگەریی بەپەلە هەیە بۆ ئەوەی بەتەواوی بینایی چاوەکانی لەدەستنەدات.
خێزانی هاشم لە گەڕەکی تلکەبەرێ لە زاخۆ نیشتەجێن، بۆ لەدەستنەدانی بینایی تەواوەتی، هاشم و خێزانەکەی چاویان لەدەستی خێرخوازانە تاوەکو بتوانن نەشتەرگەرییەکە بکەن و دووبارە هاشم بگەڕێتەوە سەر کار و بژێوی خێزانەکەی دابین بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ