رووداو دیجیتاڵ
نیوەڕۆی دووشەممە دۆخی تەندروستیی مام سابیر تێکچوو و بەپەلە گەیێندرایە سەنتەری دڵ لە هەولێر.
مام سابیر، ئەو جووتیارە کوردەی بە کار و قسەکانی لە بەرامبەر عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق بووەتە سیمبولی بەرخۆدانی جووتیارانی پەلکانە، دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
ئەحمەد پەلکانەیی، هاوڕێی مام سابیر و خزمی نزیکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەندێک شوێن وا بڵاوکراوەتەوە گوایە مام سابیر کۆچی دوایی کردووە، ئەو هەواڵە راست نییە، بەڵام دۆخی ناجێگیرە."
گوتیشی: "پێشتر نەشتەرگەری دڵی بۆ کرابوو. ئەم نیوەڕۆیە دۆخی تەندروستی مام سابیر تێکچووە و بۆ چارەسەری بەپەلە رەوانەی سەنتەری دڵ لەهەولێر کراوە."
سابیر عومەر سادق ناسراو بە مام سابیر تەمەن 74 ساڵان، لەسەر هەوڵەکانی تەعریب لە سنووری پەلکانە رووخسارێکی ناسراو بوو. رۆژی 13/12/2020 بە دەنگێکی پڕ لە گریانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عەرەب دەیەوێت زەوییەکانمان داگیر بکات."
ئەو هاواری بۆ سەرۆک بارزانی، بەرپرسانی کورد و وڵاتانی جیهان کرد کە رێگریی لەو داگیرکارییە بکەن. بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆی مام سابیر کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
کەسوکاری دەڵێن دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و هێرش و هەڕەشەی عەرەبی هاوردە تەندروستی مام سابیر تێکچووە. ساڵی 2021 لە سەنتەری دڵ لە هەولێر خەوێندرا و دوای راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی بۆ دۆخی تەندروستیی کرد و رایگەیاند، کە تەواوی خەرجییەکەی و نەشتەرگەرییەکەی لە ئەستۆ دەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ