لەگەڵ رەنج؛ 'ئۆجەلان لە جەوهەری دیموکراسی تێگەیشتووە و بانگەوازەکەی یەکەم ئەزموونی هاوشێوەیە لە جیهان '

03-03-2025
ئاسۆ سەراوی
تەواوی بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج
تەواوی بەرنامەکەی لەگەڵ رەنج
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ "چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی"، هەروەها وەڵامی پەکەکە بە پابەندبوون بە بانگەوازەکە، بە گوتەی مەلا بەختیار "یەکەم ئەزموونی لەو شێوەیەیە لە جیهاندا، کە سەرۆکی حیزبێک لە زیندانەوە بڕیارێک بدات و حیزبەکە بەقسەی بکات."
 
بەرنامەی ئەمجارەی لەگەڵ رەنج، گفتوگۆیێکی تایبەت بوو لەبارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کە ئەمجارە رەنج سەنگاوی و دلبخوین دارا پێشکێشیان کرد. 
 
لە بەرنامەکە دا بە وردی و لەماوەی نزیکەی سێ کاژێر دا، شیکردنەوە بۆ پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و کاریگەری و کاردانەوەکانی کرا. 
 
بەرنامەکە بە میوانداریی؛ مەلا بەختیار، سیاسەتڤان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی ‏و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، مستەفا شەفیق، نووسەر‌ و شرۆڤەكار، خەلیل ئاتاج، سەركردایەتی پێشووی پەكەكە، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی گشتیی پارتی ‏وڵاتپارێزانی كوردستان‏‏‏، سەردار عەزیز، لێكۆڵەر و راوێژكار و سدقی ڤەكار، نوێنەری دەم پارتی لە باشووری ‏كوردستان پێشکێش کرا.

 

 
پەیامەكەی ئۆجەلان گەرەنتی سیاسی و یاسایی هەیە؟
 
مەلا بەختیار، سیاسەتڤان و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ‏بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، یەكێك بوو لە میوانەكانی ‏بەرنامەكە و ئەوەی ‏خستەڕوو؛ پەیامەكەی ئۆجەلان تاوەكو ئێستا هیچ گەرەنتییەكی سیاسی و ‏یاسایی لە توركیا وەرنەگرتووە. 
 
لەگەڵ ئەوەشدا مەلا بەختیار بۆچوونی وایە؛ ‏ئێستا لە توركیا هەلومەرجێكی زۆر لەبار بۆ ئاشتی هەیە. دەشڵێت ‏‏"دیزایینی هێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا دەگۆڕێت."
 
مەلا بەختیار ‏نایشارێتەوە "كورد هەمیشە لە دانوستاندن دا ستەمی لێكراوە."
 
مێژووی پەكەكە ‌و دەوڵەتی تورکیا ‏پڕە لە ململانێی تووند، مەلا بەختیار جەخت لەوە دەكاتەوە "نە توركیا توانی ‏پەكەكە لەنێوبەرێت، نە پەكەكە توانی هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان ‏بگۆڕێت، تورکیا هەموو توانای سوپای بەکارهێنا بۆ لەنێوبردنی پەکەکە و سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە ئاشتی باشترین رێگەیە."
یەكەم ئەزموونی جیهانە
 
لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەوە ئەندامەكەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ‏سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان باسی لەوە ‏كرد، ئەمە یەكەم ئەزموونی جیهانە، کە سەرۆكی حیزبێك لە زیندانەوە بڕیارێك بدات و ‏حیزبەكەی بەقسەی بكات، ئەو گوتی "پابەندبوونی پەكەكە بە بانگەوازەكەی ‏ئۆجەلان، جێگەی رێزە". 
 
مەلا بەختیار نایشارێتەوە لە هەرێمی ‏كوردستانەوە دەستپێشخەریی ئاشتی بۆ باكوور هەبووە، ئەو گوتی "كاك ‏نێچیرڤان بارزانی دەستپێشخەریی كردووە بۆ ئاشتی لە باكووری ‏كوردستان." ‏
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشووی یەكێتی ئاماژە بەوەش دەكات ئەوە ‏یەكەمجار نییە، ئەردۆغان باسی ئاشتی لە توركیا دەکات بەڵکو "‏شەشەم جارە و ئەگەر ئەو ئاشتییە ‏سەربگرێت ئەوا وەك هەڵوێستێكی جوانی مێژوویی بۆ ئاكپارتی ‏دەمێنێتەوە." ‏
 
بەبڕوای مەلا بەختیار، ناكرێت ئۆجەلان لە زیندان بمێنێتەوە، چونكە ئەوە لە ‏بەرژەوەندیی توركیا ‌و پرۆسەی ئاشتی نییە.‏ئاماژەی بەوەش دا؛ كورد هەمیشە لە دانوستاندن دا ستەمی لێكراوە.
 
بەپێی گوتەکانی مەلا بەختیار "هەلومەرجەكە بە گشتی ‏لەبارە و كاریگەریی ئەرێنی لەسەر رۆژئاوای کوردستانیش هەیە، هیوادارین ئاواز و لۆژیك ‏بەسەر لوولەی تفەنگدا زاڵبێت؛ بەڵام ئێمە هەمیشە نەتەوەیەكی مارانگازین و ‏هەمیشە لە دانوستاندنەكاندا لێماندراوە و ستەممان لێكراوە‎." 
‎ ‎
سەبارەت بە زیانەکانی شەڕ لە تورکیا، مەلا بەختیار گوتی ‏‏"گوێم لە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بووە كە 60 هەزار سەربازیان لەو ‏شەڕەی دژی پەكەكە لەدەستداوە، زیانە ئابوورییەكانیش سێ تریلیۆن دۆلار ‏بووە لەم چەند دەیەی رابردوو؛ ئەمەش واتا توركیا بە هەموو هێزی ‏سوپاكەیەوە نەیتوانیوە پەكەكە لەنێوبەرێت. پەكەكەش ئەو هەموو وزەی ‏بەكارهێناوە و نەیتوانیوە ستراتیژی رزگاریی كوردستان بەدیبهێنێت‎".‎
 
‎بەپێی ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و ‏بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ساڵێكە گفتوگۆ لەنێوان توركیا و ‏ئیمراڵی هەیە، تاوەكو سەرئەنجام ئەو نامەیەی لێكەوتووەتەوە.‏‎ ‎لەبارەی نێوەڕۆكی نامەكە ی ئۆجەلانیش گوتی"جەنابی ئۆجەلان بە ‏روانگەیەكی فەلسەفەی ناسیۆنالیستی، سەیری سەردەمی كردووە، ئەو لە ‏جەوهەری دیموكراسی تێگەیشتووە، بۆیە داوای وازهێنان لە خەباتی چەكداری ‏كردووە‎ ".‎

 

 
‎مەلا بەختیار باسی دیدارێكی خۆی و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی كرد و گوتی، "‏‏1993 لە دیمەشق لە ماڵی مام جەلال بە خزمەتی گەیشتم، 6 كاژێر ‏بەیەكەوە دانیشتین، لەوێ پێمگوت دوای جەنگی سارد و پاشەكشەی چین ‏و رووخانی سۆڤییەت؛ خەباتی چەكداری كۆتایی هاتووە؛ بەڵام ئەوان ‏ئەوكات بۆچوونیان وانەبوو." ‏

 

 
ئۆجەلان لە 1997 پەیامی ئاشتی هەبووە
 
خەلیل ئاتاج، كە ساڵانێك لە سەركردایەتیی پەكەكە كاری كردووە و نزیكایەتیی ‏لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبووە، میوانێكی دیكەی ئەم بەرنامەیە بوو.‏
 
ئاتاج باس لەوە دەكات ئۆجەلان لە وەڵامی نامەیەكی ئەوكاتی ‏نەجمەدین ئەربەكان، سەرۆكوەزیرانی توركیا گوتوویەتی ئامادەی ئاشتییە.
 
خەلیل ئاتاج گوتی "ساڵی 1997، ئۆجەلان پەیامی بۆ ئەربەكان نارد كە ئامادەیە ‏بۆ ئاشتی، زۆر پێش ئەوەش پەکەکە هەر ئامادەی ئاشتی بووە، تەنانەت لە ساڵی 1993ـوە ئۆجەلان پەیام بۆ توركیا دەنێرێت، كە ‏ئامادەیە بۆ ئاشتی؛ ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە ئۆجەلان بەردەوام خوازیاری ‏ئاشتی و كۆتاییهێنان بووە بە شەڕ." ‏
 
خەلیل ئاتاج، ئەوەش رووندەكاتەوە؛ لەم قۆناخەدا توركیا پێویستی بەوەیە ‏پرسی كورد چارەسەر بكات، دەڵێ "پەكەكە بەهۆی نكۆڵیكردن لە ‏بوونی كورد لە توركیا، لەدایكبوو. پەکەکە هەرگیز لە بڕیاری ئۆجەلان دەرناچێت."
 
لە كۆتایی قسەكانیشی گوتی "سێ‌ جۆر پەكەكە هەیە، یەكێكیان شەهیدە، ‏یەكێكیان ئەمەی ئێستایە و یەكێكی دیكەشیان ئەوەیە كە جیابوونەتەوە."‏

 

شەڕ لە باكوور، پێچەوانەی بەرژەوەندیی كوردە
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو میوانێكی ‏دیكەی بەرنامەكە بوو، لە بەشێكی بەرنامەكەدا باسی لەوە كرد لەماوەی 10 ‏ساڵی رابردوو، شەڕ لە باكووری كوردستان پێچەوانەی بەرژەوەندیی كورد ‏بووە. ئەو دەڵێ "واقیعی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان ‏جیاوازە، لە باكووری كوردستان تێكەڵاوبوونێكی زیاتر لەگەڵ كۆماری توركیا ‏هەیە، بۆیە ئەو بیرۆكانەی بەڕێز ئۆجەلان خستوونەتییەڕوو، رێك و رەوان بۆ ‏كۆمەڵگەی كوردی لە باكووری كوردستان."‎
 
‎زریان رۆژهەڵاتی پەیامەكەی ئۆجەلانی بە "وەرچەرخانێكی مێژوویی" ‏ناوبرد و، گوتی "ئێستا هەلومەرجێكی نێودەوڵەتی و كۆمەڵایەتی لە باكووری ‏كوردستان هەیە بۆ ئاشتی."‏
 
سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی "لەدوای كۆنگرەی پەكەكە، قۆناخی چەكدانان هەیە، كە لە چەند بەشێك ‏پێكدێت، لە ماوەی سێ مانگدا، بەشێكی ئەندامانی پەكەكە كە تێكەڵاوی ‏شەڕ نەبوون، رەنگە لە چوارچێوەی دەستكاریكردنی دوو یاسادا، یاسای ‏شەڕی دژی تیرۆر و یاسای جێبەجێكردنی سزاكان، ئازاد بكرێن؛ بۆ نموونە ‏سەلاحەدین دەمیرتاش. لەوانەیە هەندێك دەستكاری یاساكان بكرێت بۆ ‏ئەوەی هەندێك ئەندامی پەكەكە لە زیندان ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە. بەشێكی ‏دیكە ئەوەیە، هەندێك لە ئەندامانی پەكەكە یان لە هەرێمی كوردستان یان ‏لە وڵاتێكی ئیسكەندەناڤی جێگیر بن."‏
 
زریان رۆژهەڵاتی ئەوەشی روونكردەوە "روانینی ئۆجەلان، لە چەپەوە ‏بەرەو لیبراڵی رۆشتووە.‏"

 

ناوی كوردستان یەكەمجار لەلایەن توركێكەوە دانراوە
 
‏"ناوی كوردستان یەكەمجار لەلایەن كەسێكی بەڕەچەڵەك توركەوە دانراوە" ‏ئەمە قسەی زریان رۆژهەڵاتییە، كە لە بەشێكی بەرنامەكەدا باسی کرد. 
 
ئەو گوتەیەی زریان رۆژهەڵاتی لێكدانەوە ‏جۆراوجۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دا لێكەوتەوە، بۆیە لە بەرنامەكە‌ و ‏دوای بەرنامەكەش روونكردەنەوەی لەسەر ئەو بابەتە دا، دەڵێ گوتەکەی بەو ‏مانایە نایەت كە كورد خاوەنی زەوی خۆی ‌و دۆزی تایبەت بە خۆی ‏نییە.
 
بەبڕوای زریان رۆژهەڵاتی، دوای پەیامەكەی ئۆجەلان پەكەكە لەماوەی ‏‏سێ مانگدا كۆنگرە دەبەستێت، گوتیشی "بەبڕوای من، ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە ‏چاودێریی كۆنگرەی پەكەكە دەكات، ئەگەری ئەوەش هەیە سەڵاحەدین دەمیرتاش (هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە) لەم ‏پرۆسەیەدا ئازاد بكرێت." ‏
 
لە كۆتایی قسەكانیدا، زریان رۆژهەڵاتی گوتی "چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی ‏داهاتوو دانوستاندنە فەرمییەكان لە توركیا دەستپێبكەن." 

 

ئۆجەلان خۆی نامەكەی نووسیوە؟
 
سەردار عەزیز، نووسەر و لێكۆڵەری سیاسی كە لە ئێرلەنداوە میوانی ‏بەرنامەكە بوو، ئەوەی خستەڕوو ئەو نامەیە بە سازشكاری لەنێوان كۆمەڵێك ‏هێزدا نووسراوە، گوتی "ئەم نامەیەی ئۆجەلان، جیاوازە لە نامەكانی ‏رابردووی، جیاوازییەكەش پەیوەندیی بە دۆخی ناوچەكە هەیە. ئەوەش مانای ئەوە نییە بەڕێز ئۆجەلان خۆی نەینووسیوە."
 
سەردار عەزیز بۆچوونی وابوو؛ بەشێكی نامەكە وەكو پاڵپشتییەكە بۆ ‏ئەردۆغان و باخچەلی، بۆ ئەوەی ئەردۆغان لە سەرۆكایەتیی بمێنێتەوە، ئەو ‏گوتیشی "لەوانەیە لەسەر پرسی كورد، دەستكاری دەستووری توركیا ‏بكرێت." 

 

 
سەردار عەزیز ئاماژە بەوەش دەكات نامەكەی ئۆجەلان تەنیا بۆ پەكەكە نییە، ‏بەڵكو بەشێكی پەیامە بۆ نێوخۆی توركیایە، "نامەكەی ئۆجەلان ‏پرۆسەی ئاشتی دەباتە قۆناخێكی نوێ."
 
دەم پارتی: دەبێت بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بكرێت
 
سدقی ڤەكار، نوێنەری دەم پارتی لە باشووری كوردستان وەك میوانێكی ‏دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو دەم پارتی ئامادەیە بۆ هەموو هەوڵێكی ‏ئاشتی لە باكووری كوردستان، گوتی "ئێمەش داوای ئاشتی دەكەین. بە گۆڕینی ‏چەند یاسایەك لە باكووری كوردستان، زۆربەی گرفتەكان چارەسەر دەكرێن؛ ‏داواكاریی ئێمە ئەوەیە؛ پێویستە بەڕێز ئۆجەلان ئازاد بكرێت‎".‎
 
سدقی ڤەكار جەختی لەوە كردەوە بەردەوام خواستی كورد ئاشتی بووە ‏لە توركیا "بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی ئاشتیش، نابێت ‏چیدیکە ئۆجەلان لەنێو چوار دیوار دا بمێنێتەوە." ‏
‏"دەیانجار پەیاممان بۆ پەكەكە ناردووە"‏
 
‏ مستەفا ئوزچەلیك، سەرۆكی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی ‏كوردستان وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە لە دەسپێكی قسەكانی دا ئەوەی خستەڕوو؛ ئێستا زەمینەی خەباتی مەدەنی لە باكووری كوردستان زۆر لەبارە.
 
ئەو هەروەها دەڵێ "دەیانجار پەیاممان بۆ پەكەكە ناردووە كە لە توركیا زەمینەی شەڕ و چەكداری نەماوە." 
 
 
سەرۆكی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی ‏كوردستان جەختی لەوە كردەوە؛ بۆ ‏ئەم قۆناخە رێگەی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ كورد گونجاوە نەوەك رێگەی شەڕ ‏و چەكداری.
 
بۆچوونێكی جیاواز لەسەر نامەكەی ئۆجەلان
 
مستەفا شەفیق، نووسەر ‌و شرۆڤەكار ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە بوو، ‏بۆچوونێكی تەواو جیاوازی لەسەر نامەكەی ئۆجەلان هەبوو و گوتی ‏‏"بانگەوازەكەی ئۆجەلان روانینی هزری و فەلسەفیی تێدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ‏پێشوازییەكی گشتیی كوردی لە بانگەوازەكەی كراوە".
 
ئەو، گومانی لەسەر ‏دروستیی نامەكەش هەیە، بەوەی شێوازی داڕشتنەوەكەی لە هی ئۆجەلان ‏ناچێت، گوتیشی "پێموایە نامەكەی ئۆجەلان پارچە پارچە هەڵبژێردراوە و ‏لێكدراون، لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی پێویستی ‏بە ئاساییكردنەوەی دۆخ هەیە، بەتایبەتی لە توركیا." ‏
 
لەم دۆخە نوێیەدا لەگەڵ ئەوەی پەكەكە ئاگربەستی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا ‏هەڵوێستی دەوڵەتی توركیا لەوبارەیەوە روون نییە، مستەفا شەفیق ‏لەوبارەیەوە دەڵێت "تاوەكو ئێستا توركیا بڕیاری راگرتنی شەڕی نەداوە لەگەڵ ئەوەی ئەردۆغان خۆی سەرپەرشتیی دۆسیەی كورد دەكات." 
 
سەرەتای دەستپێكردنی قۆناخەكانی ئاشتی ‏
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی ‏‏01-10-2024 لەكاتی واڵاكردنی دەرگەی پەرلەمان لە وەرزێكی نوێدا، ‏چووە لای فراكسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە ‏كرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەكی چارەسەریی پرسی كوردی لە توركیا ‏هێنایە بەرباس‎.‎
‎ ‎
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە ‏‏'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و هیوای خواست، ئەو دەرفەتە نەكرێتە قوربانیی ‏بەرژەوەندیی كەسی‎.‎
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی كرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبكەن. ‏شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی ‏كرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە دیداری كرد‎.‎
 
شاندەكە رۆژی 27-2-2025 لە ئیستەنبووڵ كۆنفراسێكی رۆژنامەڤانیی ‏سازكرد و بانگەوازەكەی ئۆجەلانی خوێندەوە‎.‎
‎‎عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە بانگەوازەكەدا بە پەكەكەی گوتووە، ''كۆنگرە ببەستن ‏و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەكان چەك دابنێن و پەكەكە خۆی ‏هەڵبوەشێنێتەوە‎".‎
 
كۆمیتەی رێڤەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) رۆژی 1-3-‏‏2025 رایگەیاند، پابەندی بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەبن و ‏جێبەجێیدەكەن، هەروەها گوتیشی، "لە ئەمڕۆوە ئاگربەست رادەگەیێنین‎."‎
 
‎‎پەكەكە هەروەها داوایكردووە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆكایەتیی كۆنگرەكە و ‏هەڵوەشاندنەوەكە بكات‎.‎
 
‎‎ئێستا چاوەكان لەسەر رێككەوتنی لایەنەكانن بۆ قسەكردن لەسەر شێوازی ‏هەڵوەشانەوەی پەكەكە و چۆنیەتیی چەكدانان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە