رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری لایەنە تورکمانییەکان لە هەولێر کۆبوونەوە. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی و لادانی کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ''بڕیارەکە سیاسییە و دەمانەوێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت."
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لەبارەی کۆبوونەوەکە بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکانی نەتەوەی تورکمان تایبەتە بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کە دژی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بوو.''
وەکو ئایدن مەعرووف باسی دەکات، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی "بڕیارێکی سیاسی، نادادپەروەرانە و هەڵە" بوو و کاریگەری دەخاتە سەر رەوشی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان، ''بۆیە پێویستە ئەم کۆبوونەوانە بەردەوام بن.''
رۆژی 21-02-2024، دادگەی فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کردەوە و کورسی کۆتای پێکهاتەکانی نەهێشت و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی بۆ 100 کورسی کەمکردەوە.
ئایدن مەعرووف گوتی، کۆبوونەوەکەیان راوێژکاریی دەبێت و تێیدا باس لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و میکانیزمی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردندا دەکەن.
سکاڵاکە کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لەسەر دا، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کرابوو.
لە سکاڵاکەدا داوای نادەستووریبوونی مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردبوو کە پەیوەندییان بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەبوو.
وەک وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێ لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بۆ بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بدۆزرێتەوە. گوتیشی، ''ئێستا کە بڕیارەکە دراوە، تانەی لێ نادرێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت و لە رێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت."
بە وێنە؛ بەشێک لە پارت و لایەنە تورکمانەکان لە هەولێر لەبارەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن کۆبوونەوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 3, 2024
وێنەکان: هۆرڤان رەفعەت - رووداو pic.twitter.com/nNax2G04F3
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەرکردنی کێشەی کورسیی کۆتای پێکهاتەکان پێویستی بە پاڵپشتیی سیاسی هەیە، ''واتە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە رۆڵی جیدیان هەبێت.''
پێشتر پێکهاتەی تورکمان لە 11 کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان پێنج کورسی هەبوو. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، ''پێکهاتەی تورکمان بێ سیستمی کۆتاش بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات. گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت کە رەهەندێکی نیشتمانی هەیە، بەڵام گرنگ پاڵپشتیی لایەنە سیاسییەکانیشە بۆ پێکهاتەکان.''
ئایدن مەعرووف جەختی لەوە کردەوە، گوشاری لایەنە تورکمانییەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بۆ وەرگرتنەوەی ''ماف''ـەکانیان بەردەوام دەبن. دەشڵێت، ''بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بڕیارێکی سیاسی بوو و مەبەستیانە گوشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، کە ئامانجیان زیاتر پێگە سیاسییەکەیەتی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ