رووداو- گەرمیان
شنۆ، لەگەڵ هاوژینی یەكەمی ئاسوودە نەبوو، هەموو ئومێدێكی لەسەر دووبارە شووكردن هەڵچنیبوو، بەڵام ماڵی باوكی رێگەیان نەدا شووبكاتەوە، بۆیە ناچار لەگەڵ ئەو كوڕەی خۆشیدەویست بڕیاری هەڵاتنی دا و بەبێ رەزامەندی كەسوكاریان خێزانیان پێكەوەنا، ئێستا رێكخراوێك لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی كێشەی شنۆ لەگەڵ كەسوكارەكەی چارەسەر بكات.
شنۆ و دیاری، ناوی خوازراوی ئەو كوڕ و كچەن كە تەمەنیان سەرووی هەژدە ساڵە و دانیشتووی دەڤەری گەرمیانن، ئەوان ماوەیەك خۆشەویستی یەكدی بوون و خەونیشیان دروستكردنی خێزان بووە، هەرچەندە دیاری چەند جارێك چووەتە خوازبێنی شنۆ، بەڵام كەسوكاری كچەكە رازی نەبوون، بۆیە پێكەوە بڕیاریان دا هەڵبێن.
عەقید لەمیعە محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو كچە پێشتر شووی كردووە و جیابووەتەوە، دواتر لەگەڵ كوڕێك پەیوەندی هەبووە، كوڕەكە چەند جارێك چووەتە خوازبێنێ، بەڵام كەسوكارەكەی رازی نەبوون شووی پێ بكات.
بە گوتەی عەقید لەمیعە "ئەو دوو خۆشەویستە دوای نائومێدبوونیان لە گەیشتن بە یەكدی، سەرەتای ئەمساڵ بڕیاریان داوە هەڵبێن و دواتر خێزان پێكەوە بنێن، سەرەتا كەسوكاری كچەكە لە ونبوونی كچەكەیان ئاگاداریان كردینەوە و گومانیان هەبوو لەگەڵ خۆشەویستەكەی رۆیشتبێت، دواتر كەسوكاری كوڕەكەش بۆ هەمان كێشە سەردانیان كردین، ئێمەش بۆ هەردوولامان روونكردەوە كە تەمەنی كوڕ و كچەكە لەڕووی یاساییەوە بۆ شووكردن و ژنهێنان گونجاوە، لە كاتێكدا خۆشەویستی یەكدین و چەندینجاریش كوڕەكە چووەتە خوازبێنی".
ئەو كوڕ و كچە لەگەڵ هەڵاتنیان بەڵگەنامە فەرمییەكانیان لەگەڵ خۆیان بردووە و ئێستا لە شوێنێك خۆیان حەشارداوە، بەڕێوبەرایەتیی بەرەنگاربوونەی توندوتیژی دژی ژنانیش لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەیان لەگەڵ كوڕەكە كردووە و رێنماییان كردووە كە لە دادگا گرێبەستی هاوژینی بكەن.
عەقید لەمیعە گوتی "كوڕەكە پێیگوتین حەزمان نەدەكرد بگاتە ئەو راددەیە، بەڵام لەبەرئەوەی لەلایەن كەسوكاری كچەكەوە رێگریمان لێكرا، پەنایان بۆ هەڵاتن برد".
بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان ئەركی یەكەمیان لەگەڵ كوڕ و كچەكە تەواو كردووە، بەڵام ئەركی دووەمیان كە هێشتا دەستیان پێ نەكردووە ئاشتەوایی نێوان خێزانی كوڕ و كچەكەیە، بۆ ئەوەی هیچ رووداوێكی نەخوازراو روونەدات.
عەقید لەمیعە دەڵێت "تا ئێستا لە سەرەتای كیشەكەداین و دەبێت لەگەڵ هەردوو خێزانەكە دابنیشین و ئاشتەوایی لەنێَوانیاندا بكەین، بۆیان روون بكەینەوە ئەو كوڕ و كچە رێگەیەكی دروستیان هەڵبژاردووە و دوای هەڵاتنیشیان لەڕێگەی دادگاوە گرێبەستی هاوژینییان كردووە".
بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بەنیازن دوای قسەكردن لەگەڵ خێزانەی كچەكە، بەڵێننامەیان پێ پڕبكەنەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مەترسیی لەسەر ژیانی كوڕ و كچەكە دروست نەبێت، بەرپرسەكەی ژنان گوتی "بەڵێننامە بە خێزانی كچەكە پڕدەكەینەوە بۆ ئەوەی توندوتیژی بەرامبەر كەسیان نەنوێنن، ئەوەندەی بزانین نیەتی ماڵی كچەكەش وایە بەو هاوسەرگیرییە رازی بن، چونكە كوڕ و كچەكەش چاوەڕێی ئاشتبوونەوەی خێزانەكانیانن".
لەماوەی رابردوودا بەهۆی رێگریكردن لە شووكردنی كچان لەلایەن كەسوكاریانەوە، چەندین كچ پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە. عەقید لەمیعە باسی مەترسییەكانی رێگری لە شووكردنی كچان دەكات و دەڵێت "كاتێك كچێك تەمەنی یاسایی تەواو دەكات و خۆشەویستی هەیە و بڕیاری شووكردن دەدات، نابێت خێزانەكانیان رێگرییان لێ بكەن، چونكە زۆرجار ئەو رێگرییە كارەساتی وەكو خۆكوشتن، خۆخنكاندن و خۆسووتاندنی لێ دەكەوێتەوە".
پێكەوە سەرهەڵگرتنی كوڕ و كچ كە لە كوردەواریدا بە رەدووكەوتن ناودەبرێ، زۆرجار بە ئاشتەوایی و هەندێجاریش بە كوشتن كۆتایی دێت. چۆمان ئەحمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی لەبارەی كێشەی ئەو كوڕ و كچە، دەڵێت لەو سەردەمەدا بەشێك لە كچان بەهۆی كاریگەربوونیان بە دراما دۆبلاژكراوەكان بیر لە شووكردن بەو رێگەیە دەكەنەوە، بە تایبەتی كاتێك كەسوكاری رێگرن لە شووكردنی.
چۆمان پێیوایە بۆ چارەسەری ئەو حاڵەتە و بۆ ئەوەی لە كاتی گەڕانەوەی كوڕ و كچەكەشدا توندوتیژییان بەرامبەر نەكرێت، جگە لە پڕكردنەوەی بەڵێننامە، پێویستە هەردوولا دابنیشن و سوڵح بكەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ