رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، رێکنەکەوتنی سیاسی هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی 140ـی دەستوورە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''هەندێک هۆکاری دەرەکی و نێوخۆیی رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەتننامەی شنگال دەکەن".
محەممەدئەمین فارس، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی لەبارەی گرنگیی بەشداریکردنی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ کۆنفرانسەکە گوت، ''عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی گۆڕانی کەشوهەوا کێشەی زۆری بۆ دروستکردووە و چوارەم یان پێنجەم وڵاتە لەژێر کاریگەرییەکەیدا بێت".
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی کۆپ 28ـدا بەشدارن، ئەوە جگە لە ئامادەبوونی چەندین وەزیر و راوێژکار لە حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. محەممەدئەمین فارس گوتی، ''ژمارەی زۆری ئەندامانی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق دەرخەری گرنگیی بواری ژینگەن کە ئێستا کێشەیەکی جیهانییە".
بەگوتەی راوێژکارە باڵاکەی سەرۆککۆماری عێراق، لە رێگەی کۆنفرانسەکەوە حکومەتەکانی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەتوانن بودجەی ژمارەیەکی زۆر لە پڕۆژەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دابینبکەن و بۆ بەدەستهێنانی زانستی نوێ لەوبارەوە سوود لە ئەزموونی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بەشدار لە کۆپ 28 وەربگرن.
مادەی 140
بەپێی دەستووری عێراقی کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت کە لە سێ قۆناخی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان پێکدێت، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی مادەکە جێبەجێ کراوە.
محەممەدئەمین فارس باسی لەوە کرد، وەکو سەرۆکایەتیی کۆمار لیژنەی پێویستیان بۆ چاودێریی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە ناوچە کێشەلەسەرەکان هەیە، ''بەڵام کێشەکە بڕگەکانی دەستوور و یاسان کە تاوەکو ئێستا وەکو خۆیان جێبەجێ نەکراون، لەبەر ئەوەی کێشەی رێککەوتنی سیاسی هەیە. زۆر مادە یان یاسا هەن تا ئەو کاتەی لایەنە سیاسییەکان رێککەوتنیان لەسەر نەکەن، جێبەجێ ناکرێن و یەک لەوانەش مادەی 140ـە".
رێککەوتنی شنگال
رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 واژۆکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە. ئەو راوێژکارە باڵایەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، ''بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی خۆی دەربڕیوە، بەڵام هۆکاری دەرەکی و نێوخۆیی هەن کە رێگە لە جێبەجێکردنی دەگرن''.
رێککەوتنەکە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە کە دیارترینیان دەرکردنی هەموو هێزە چەکدارەکانە لە شنگال؛ لەگەڵ راسپاردنی ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە پۆلیس؛ هەروەها دانانی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال و ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و رەخساندنی زەوینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان. بەگوتەی محەممەدئەمین فارس، ''نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیە، لەبەرئەوەی بەردەوام داوا دەکات هاووڵاتیان بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان".
ئەو راوێژکارەی باڵای سەرۆککۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جێبەجێکردنی رێککەتننامەی شنگالە و ''پێی باشە'' دۆخی شنگال ئاسایی بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ