رووداو دیجیتاڵ
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی کۆتاییهات. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەکە دەڵێت، ''ئەم ساڵ نزیکەی 500 هەزار سەردانیکارمان هەبوو کە زۆربەیان گەنج بوون."
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، شەوقی عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، لە دوایین رۆژی پێنجەمین خولی پێشانگەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەم ساڵ نزیکەی 500 هەزار کەس سەردانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێبی لە سلێمانی کرد کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ژمارەکە زیاترە."
شەوقی عومەر گوتی، نزیکەی 50٪ـی سەردانیکاران لە سلێمانییەوە چوون و نیوەکەی دیکەش لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە سەردانی پێشانگەکەیان کرد.
بەگوتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، گەنجان زیاترین سەردانیکارانی خولی پێنجەمی پێشانگەکە بوون و گوتیشی، ''ئەمە یەکەم پێشانگەی کتێبە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کە قوتابی، خوێندکار، مامۆستا، توێژەر و گەنجان بەو ژمارە زۆرە سەردانی دەکەن و فرۆشێکی زۆر باشی کتێبی لێ دەکەوێتەوە."
بەپێی داتاکانی شەوقی عومەر، لە پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی، رۆژانە بایی سەدان ملیۆن دینار فرۆشی کتێب هەبووە و پارە دەستاودەست کراوە.
خولی پێنجەمی پێشانگەی نێودەڵەتیی کتێب لە سلێمانی 23ـی مانگی رابردوو بە بەشداریی زیاتر لە 200 وەشانخانە لە 20 وڵاتی جیهان کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ