رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ رایگەیاند، دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی، تاوەکو ئێستا رێگەی سەرتەکی بەمۆ- پشتە، نۆژەن نەکراوەتەوە و ئێستا شۆفێری بارهەڵگرەکان لە گیرفانی خۆیان نۆژەنی دەکەنەوە.
رۆژی دووشەممە، 02-10-2023، سمکۆ سالار، بەڕێوەبەری ناحیەی بەمۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەندین ساڵە رێگەی سەرتەکی بەمۆ - دەروازەی پشتە، وێران بووە و تاوەکو ئێستا حکومەت نۆژەنی نەکردووەتەوە، ئێستا شۆفێری بارهەڵگرەکان خۆیان پارە کۆدەکەنەوە و بەش بەش شەقامەکە نۆژەن دەکەنەوە."
رێگەی سەرتەکی بەمۆ - پشتە، بە سنووری ناحیەی بەمۆدا تێدەپەڕێت و ناوچەیەکی شاخاوییە و نزیکەی 14 کیلۆمەترە. بەهۆی دەروازەی نافەرمی پشتەوە، گوشارێکی زۆری لەسەرە و رۆژانە سەدان بارهەڵگر هاتووچۆی لەسەر دەکەن.
بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، پێشتر بەشێکی دیکەی رێگەکەیان نۆژەنکردەوە، پارەکەیان لە چەند سەرمایەدارێک قەرزکردبوو، ئێستا پارە کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی بەشەکانی دیکەش نۆژەن بکەنەوە.
ناحیەی بەمۆ، یەكێكە لە ناحیەكانی پارێزگای هەڵەبجە، دەكەوێتە بەشی باشووری خۆرهەڵاتی هەرێمی كوردستان و باشووری پارێزگای هەڵەبجە.
ناوەندی ناحیەکە گوندی گڵێجاڵە و گوندەکانی بەلەسۆ، گمە، قەڵپ، پشتە، بەڕوێن، چوارداران، کانی وەیسکێ، كانی پاشا، تۆوشكێ و سنووری تاوگۆزی بە گشتی و چەند گوندێکی دیکە سەر بەو ناحیەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ