رووداو دیجیتاڵ
تەرمی 13 هاونیشتمانی کە لە رێگەی چوون بۆ ئەورووپا لە سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان خنکان، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان.
شەوی هەینی 2ی ئابی 2024 تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە هەولێر کە زۆرینەیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ماڵی کەسوکاری دوو قوربانییەوە گوتی، تەرمەکان هەشتیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن؛ 2 هەولێر و 6 لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین؛ 5 کەسەکەی دیکەش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.
کەسوکاری ئەو دوو هاونیشتمانییە بە پەیامنێری رووداویان گوت، منداڵەکانیان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە خەڵەتێندران و پێیان گوتبوون، "ئاوەکە هیچ نییە و وەک مەلەوانگەیەک وایە."
بەلەمەکە رۆژی 15ی مانگی شەشی ئەم ساڵ لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و لە دەریای نێوەڕاست 193 کیلۆمەتر دوور لە کەناری دەریا لە سنووری شارۆچکەی رۆچێلا یۆنیکای ئیتاڵیا تێکشکا.
روئیا محێدینی، یەکێک لە رزگاربووەکان 20-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 76 کەس لەنێو بەلەمەکەدا بوون کە 24یان منداڵ بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ