رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی لە دیداری شارە داهێنەرەکانی جیهان لە پورتوگال بەشدارە و دەڵێت، سلێمانییان کردووە بە یەکێک لە شارە داهێنەرەکانی جیهان.
ئەمڕۆ دووەم رۆژی دیداری ساڵانەی تۆڕی جیهانیی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ لە شاری براگای وڵاتی پورتوگال بەڕێوەچوو و تێیدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەشدارە.
رۆژی سێشەممە 02-07-2024، هەڤاڵ ئەبوبەکر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دیدارەکە دیدارێکی گرنگی ساڵانەی یونسکۆیە لە هەموو جیهان و تێیدا زیاتر لە 350 شاری داهێنەر لە بواری جیادا لە 100 وڵاتی جیاوازەوە بەشداری دەکەن. بە بانگهێشتی فەرمی وەک شاری داهێنەری ئەدەب لە یونسکۆ بەشداریمان کردووە".
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی: "سلێمانی چووەتە سەر نەخشەی شارە داهێنەرەکانی جیهان کە ئەمەش زۆر گرنگە. ئەم ساڵ دیدارەکە بایەخ بە کولتوور و ژینگە دەدات، بەتایبەت بۆ گەنجان کە چۆن بایەخ بە پاراستنی کولتوور و ژینگە بدەن. ئێمەش بۆچوونی خۆمان پێشکێش کردووە و لە بەیاننامەی کۆتاییدا خاڵەکانی ئێمەیان جێگیر کردووە".
پارێزگاری سلێمانی لە پانێڵ و کۆبوونەوەکانی پەراوێزی دیدارەکەدا بەشدارە و دەڵێت: "بەشداریکردنەکە نوێنەرایەتییەکی گرنگ و گەورەی نێودەوڵەتییە بۆ شاری سلێمانی، دوای ئەوەی لە رابردووشدا توانیومانە سلێمانی بکەین بە ئەندامی کارا لە پەیمانی نێودەوڵەتی بۆ وزە نوێبووەوەکان لە برۆکسل".
هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوەشکرد، بەشدارییان وەک شارێکی داهێنەری جیهان وادەکات، خەڵكی وڵاتانی دیکە باشتر سلێمانی بناسن و گوتی: "سلێمانی بە کولتوور، کشتوکاڵ، تەندروستی، سەقامگیری، ئابووری، ژینگە، ئەدەب و پەروەردە دەناسن. ئێمە لە 10 ساڵی رابردوودا کارمان لەسەر ئەوە کردووە. ئێستا سلێمانی نەوەک لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە بواری ئەدەبدا بووە بە یەکێک لە یەکەمینەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی شارە داهێنەرەکانی ئەدەب لە یونسکۆ".
دیداری ساڵانەی تۆڕی جیهانیی شارە داهێنەرەکانی یونسکۆ لە شاری براگا لە 01ـی تەمموزەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە 05ـی تەمموز کۆتایی بەکارەکانی بهێنێت.
بە گوێرەی کارنامەی دیدارەکە، تاوتوێ رەنگڕێژیی پلانی یونسکۆ تاوەکو ساڵی 2030 بۆ رۆڵی کولتوور لە پەرەپێدانی بەردەوام و کاراکردنی رۆڵی گەنجان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ