لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ورمێ سێ کەس گیانیان لەدەستدا

02-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی تەممووزی 2024 رەزا پەناهی موقەدەم، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی خۆی و چاڵدێران لە باکووری ئەو پارێزگایە و نزیک لە سێڕێیانی گوندی زاویە، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری سایپا و پیجۆ پێکیانداداوە."
 
رەزا پەناهی موقەدەم گوتی، "لە رووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندار بوون، هەر هەموویان لە سەرنشینانی پیجۆکەن."
 
بە گوتەی پەناهی موقەدەم، بریندارانی رووداوەکە بە ئامبوڵانس لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری خۆی گوێزرانەوە، تەرمەکانیش رەوانەی دادپزیشکیی شارەکە کران.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئۆتۆمبێلی جۆری پیجۆ خێراییەکەی زۆر بووە، لە رێرەوی خۆی دەرچووە و خۆی بە ئۆتۆمبێلی جۆری سایپادا کێشاوە.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هەزارانی دیکە بریندار دەبن.
 
رۆژی چوارشەممە 26ی حوزەیرانی 2024، مووسا ئەدیبفەر، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا 99 کەس لەو پارێزگایە بەهۆی رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، 77 کەسیان پیاو و 22 کەسیان ژن بوون.
 
بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵی پار 584 کەس لە پارێزگای ورمێ بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شارەزوور.

قایمقامی شارەزوور: قوتابخانەمان هەیە 97٪ی کارەکانی تەواوکراوە، بەڵام لەبەر پارەیەکی کەم راگیراوە

رزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی لە کێشە و گرفتەکانی سنووری قەزای شارەزووری کردو رایگەیاند، قەیرانی دارایی و گرفتی نەختینەیی گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووین، "بەجۆرێک زۆرینەی ئەو پرۆژانەی هەمانن بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون".