رووداو دیجیتاڵ
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، ئەو دوو کەسەی ئەمڕۆ لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکدا لە شاری سلێمانی بریندار بوون، ئەندامی تەڤگەری ئازادیین. هاوسەرۆکی حیزبەکەش رەتیدەکاتەوە ئەندامی ئەوان بن.
ئێوارەی سێشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە پەیجی فەرمیی (دژە تیرۆری کوردستان)دا هاتووە، بە گوێرەی زانیارییەکانیان، بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلێکەدا تەقیوەتەوە و لە ئەنجامیدا "دوو ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر بە پەکەکە بە ناوەکانی (محەممەد خەلیل و محەممەد ئیبراهیم) کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن بە سەختی بریندار بوون".
تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو دوو کەسەی دەگوترێت لەو رووداوەدا بریندار بوون ئەندامی ئێمە نەبوون و هیچ پەیوەندیشیان بە ئێمە نییە".
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەبەر رەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسێکە، ئامادەنین جگە لەو روونکردنەوەی بڵاویان کردووەتەوە، هیچ زانیارییەکی دیکە بخەنەڕوو.
رووداوەکە کاژێر 11:30ـی نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، 2ـی تەممووزی 2024، لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی روویدا. دوای رووداوەکە دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ''بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە جۆری کیا سپۆرتاج، رەنگی سپی کە تائێستا هۆکاری تەقینەوەکەی نەزانراوە، بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس بەسەختی، یەکێکیان شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و ئەوەی دیکەیان سەرنشین بووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ