رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردەوامە.
ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا لە گوتەیەکدا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان رایگەیاند، حکومەتی تورکیا لە رۆژی 6ـی شوباتەوە زیاتر لە 4 ملیار لیرە (نزیکەی 153 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی)ـی بۆ هاوکاریکردنی زیانبەرکەوتووان خەرجکردووە.
وەزیری خێزان و کاروباری کۆمەڵایەتیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت دەستی بە دروستکردنی دەیان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ زیانبەرکەوتووان کردووە، بە جۆرێک تەنیا لە سەمسوور 22 هەزار و 527 یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکەن و دابەشکارییەکەش بەو جۆرەیە؛ 20 هەزار و 482 یەکەی نیشتەجێبوون لە نێوەندی سەمسوور دروست دەکرێن و 2 هەزار و 45 یەکەی دیکەش لە دەرەوەی ناوەندی سەمسوور دروست دەکرێن.
ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش گوتی، پلانی حکومەتی تورکیا ئەوەیە کە لە ماوەی یەک ساڵدا ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون تەواوبکرێن و رادەستی خاوەنەکانیان بکرێن.
رۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەرەش و دەوروبەری 50 هەزاری تێپەڕاندووە.
بوومەلەرزەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا زیانی بە 351 هەزار و 426 باڵەخانە گەیاند، کە 18 هەزار و 200 باڵەخانە بە تەواوی رووخان، کە 3 هەزار و 554ـیان لە سەمسوور بوون.
بوومەلەرزەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش هەبوو و لەوێش نزیکەی 6 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ