ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەدین بەڕێوەدەچێت

02-07-2017
سەرباز سیامەند
ئاهەنگی ئەم خولەی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین بەناوی خولی ریفراندۆمە
ئاهەنگی ئەم خولەی دەرچووانی زانکۆی سەڵاحەدین بەناوی خولی ریفراندۆمە
نیشانەکردن زانکۆی سەڵاحەدین
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ژمارەیەکی دیکەی خوێندکاران ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-7-2017) لە خولی 36ـەمینی زانکۆی سەڵاحەدین ئاهەنگی دەرچوونیان سازدەکەن، ئاهەنگێک رەنگە ئەمڕۆ دڵیان خۆش بکات، بەڵام سبەی خەمی دامەزراندن و نەبوونی هەلی کاریان پێبدات.

د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئێوارەی رۆژی یەكشەممە ئاهەنگی دەرچووانی زانكۆی سەڵاحەدین بەڕێوەدەچێت". بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، رێژەی دەرچووانی خولی یەكەمی زانكۆی سەڵاحەدین کەمبووەتەوە.

ئەمساڵ 62%، لە ساڵی 2016ـدا 67%، هەروەها لە ساڵی 2015ـیشدا 69%ـی قوتابیانی زانکۆ سەڵاحەدین لە خولی یەکەمدا دەرچوون.

لەبارەی هۆكاری کەمبوونەوەی رێژەی دەرچووانی خولی یەكەمی زانكۆی سەڵاحەدین، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین، دەڵێ" قەیرانەکان كاریگەرییان لەسەر دەرچوونی قوتابیانیش كردووە، بەڵام لە كۆتایی ساڵەكەدا رێژەی قوتابیانی دەرچوو زیاتر دەبێت".

دۆزینەوەی هەلیکار و دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ، مژاری گەرمی دوای تەواوبوونی ئاهەنگەکانی دەرچوونی قوتابیان و خوێندکارانە لە زانکۆکاندا. سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین، لەبارەی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆکان دەڵێت "لەسەر ئێمە دەرچوونی قوتابیانە، زۆر لەوانەی ئاستیان بەرزە دەتوانن لە كەرتی تایبەت كاری خۆیان بدۆزنەوە، بەتایبەت لە بەشی زانستی، زمانی ئینگلیزی و كۆمپیوتەر. سەنتەرێكی بەكارخستنمان هەیە کە لەگەڵ كۆمپانیاكان لە هەوڵدایە بۆ بەكارخستنی دەرچووانمان".

دكتۆر ئەحمەد دزەیی، دەشڵێت "هەموو ساڵێک داواكاریمان پێشكەش كردووە بۆ ئەوەی یەكەم و دووەمی زانكۆکان دابمەزرێن، ئەوانەی پارساڵ داواكارییەكانیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، بەهۆی ئەو دۆخەی هەیە، هێشتا دانەمەزرێنراون. بۆیە داوای دامەزراندنی دەرچووەكانی ئەمساڵیش دەكەین".

لە کۆی پێنج هەزار و 841 قوتابی، تەنیا سێ هەزار و 618 قوتابی دەتوانن بەشداری لە ئاهەنگی خولی 36ـەمینی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین بکەن، چونکە ئەو قوتابیانەی کەوتوونەتە خولی دووەم، بە کەوتوو هەژماردەکرێن و، ناتوانن بەشداری رێوڕەسم و ئاهەنگەکانی دەرچوونی قوتابیان و خوێندکاران بکەن.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە