رووداو دیجیتاڵ
زانکۆی سەلاحەدین بە نووسراو داوای لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان کردووە زەوی بۆ مامۆستا و فەرمانبەرەکانی تەرخان بکات. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆکە دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی شارەوانی وەڵامی نەداونەتەوە.
نووسراوەکە لەلایەن د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدینەوە کراوە و تێیدا داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکات، "لەگەڵ لیژنەی هاوئاهەنگیکار بۆ دابەشکردنی زەوی، لە شوێنێکی گونجاو زەوی بۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆکەمان دیاری بکرێت، کە شیاو و گونجاو بێت لەگەڵ پیشە و شوێنەکەیان."
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکی زانکۆ داوایکردووە شوێنی زەوی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران نزیک بێت لە زانکۆکەمان و شوێنەکە تایبەت بکرێت بە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆ."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتیشی، داوای زانکۆکەیان لە وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستانە و چاوەڕێی وەڵامن، کە تاوەکو ئەمڕۆ وەڵامیان نەدراوەتەوە.
زانکۆی سەلاحەدین نزیکەی 27 هەزار خوێندکار و دوو هەزار و 600 مامۆستا و پێنج هەزار فەرمانبەری هەیە. زانکۆکە پێکهاتووە لە 16 کۆلێژ و 85 بەشی ئەکادیمی.
نووسراوەکە لەکاتێکدایە، 27-03-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون؛ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەش رێنماییەکانی تایبەت بە دابەشکردنەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بە ژمارە 219ـی بڵاوکراویەوە.
رێنوێنییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت، 200 مەتر دووجا دەبێت، نرخی زەوییەکان بەپێی رێنوێنییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت.
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت.
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت.
هەروەها ئاماژە کراوە، ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
رێنوێنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت. سێ مەرجیش دیاریکراوە کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- شوێنی لەدایکبوون
هەروەها دەبێت فەرمانبەر لە هەشت ساڵ و بەسەرەوە خزمەتی هەبێت بۆ ئەوەی داواکاری وەرگرتنی زەوی پێشکێش بکات و ناوی بچێتە تیروپشکەوە.
ئەو فەرمانبەرانەی خۆیان یان هاوژینەکانیان پێشتر لە هەرێمی کوردستان خانوو یان شوقە یان زەویی نیشتەجێبوونیان لە دەوڵەت یان کۆمەڵەکانی هەرەوەزی نیشتەجێکردن وەرنەگرتبێت، دەتوانن لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند ببن.
هەر بەگوێرەی رێنماییەکان، ئەو خانەنشینانەی سوودمەند نەبوون دەتوانن بۆ وەرگرتنی زەوی مامەڵە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ