کۆمەڵ: پارتی بیسەلمێنێت هەڵبژاردن دیزایینکراوە، پاڵپشتیی دەکەین

02-05-2024
پەیمان محەممەد
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی بێتە سەر هێڵ بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت، گوتیشی، ''ئەگەر پارتی بەڵگە لەسەر دیزایینکرانی پێشوەختەی هەڵبژاردن بخاتەڕوو، پاڵپشتی دەکەین.''
 
رۆژی پێنجشەممە 02-05-2024، بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، رایگەیاند، ''ئێمە لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بووین و، جەختمان لەوە کردووەتەوە تەبایی نێوخۆیی بۆ هەڵبژاردن، پێویستە.''
 
بێستوون حەمەساڵح گوتی، ''بەداخەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان تەبایی نابینرێت.''
 
رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، تاوەکو ئەمڕۆ پارتی رەتیدەکاتەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکات.
 
شەوی چوارشەممە 01-05-2024 لە راگەیێندراوێکدا، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "جەخت لەوە دەکەینەوە هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجام بدرێت و سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشداربن." 
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەگەر ئێمە نەمانتوانیبێت لە ماوەی دوو ساڵدا لە هەرێمی کوردستان تەبایی بهێنینە ئاراوە، بێگومان لەکاتی دواخستنی هەڵبژاردنیشدا بۆ دوو مانگی دیکە، ئەو تەباییە نایەتە ئاراوە.''
 
بێستوون حەمەساڵح پێیوایە، ناکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت و دەڵێت، ''پێویستە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەرفەتێک بدات بەو لایەنانەی تائێستا لیستی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە، بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن بەشداریی پرۆسەکە بن.''
 
بەگوتەی بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ''ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە زۆر بە جدی لەگەڵ پارتی بێتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو گرفتەکانی بەردەم پارتی چارەسەر بکرێن.''
 
18ـی مانگی ئاداری ئەم ساڵ، پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەشداری لە هەڵبژاردنێکی "نادەستووری، نایاسایی و سەپێندراو دا" ناکات. بێستوون حەمەساڵح ئاماژەی دا، ''ئەگەر پارتی کۆبوونەوەیەک رێکبخات و بەڵگە بۆ قسەکانی بخاتەڕوو، ئێمەش پشتگیری دەکەین و دەڵێین، ناچینە هەڵبژاردنێکی دیزایینکراو.''
 
بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری ئەوەشی خستەڕوو، نابێ پارتی تەنیا بە راگەیێندراو باس لە سەپێندراویی پرۆسەکە بکات، بەڵکو دەبێ بە بەڵگە بیسەلمێنێت کە هەڵبژاردن دیزایینکراوە.''
 
یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو رایانگەیاندووە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان، ئەگەر پارتیش بەشداری نەکات.
 
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە، 01-05-2024، لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند ''ئێمە ئاگادارین کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێویستی بە هەندێک کاتە بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لایەنەکان دانوستاندنی لەبارەوە دەکەن.''
 
هاوکات مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای کۆبوونەوەی دوێنێی رایگەیاند، "بەتووندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکەین، کە بڕیارە لە 10-6-2024 سازبکرێت."

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە