وەزیری کارەبا: پێشنیازکراوە سیستمی بەرگریی بۆ کێڵگەی کۆرمۆر دابنرێت

02-05-2024
پەیمان محەممەد
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان و عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان و عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق سەردانی هەولێریان کرد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆرمۆر، ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 200 مێگاوات کارەبامان هەیە.''
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 02-05-2024، شاندێکی وەزارەتی کارەبای عێراق بە سەرپەرشتیی زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، هەر یەک لە زیاد عەلی فازڵ و کەمال محەممەد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی دیدارەکەیان خستەڕوو و رایانگەیاند، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کاریگەری لەسەر رەوشی کارەبای هەرێمی کوردستان و عێراق هەبووە.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 26ـی نیسان بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆیەوە چوار کارمەند گیانیان لەدەستدا و بەرهەمهێنانی کارەباش 2 هەزار و 500 مێگاوات کەمبووەوە.
 
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا پەستانی گاز بۆ  وێستگەکان بەرز بووەتەوە و، بڕی 420 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجای پێویست دەگاتە وێستگەکان.
 
محەممەد کەمال گوتی: لەگەڵ شاندی وەزارەتی کارەبای عێراق باسی کاریگەرییەکانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر کراوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە پێویستە پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن. 
 
 
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ''ئەو لیژنەیەی لەسەر راسپارەدی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی کێڵگەی گازیی کۆرمۆری کردبوو، پێشنیازی ئەوەیان کردووە کە لە رێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە کێڵگەکە بپارێزرێت و پێویستە ئەم پێشنیازەش بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.''
 
هاوکات زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە درێژەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی: ''دەسەڵاتمان دایە بەڕێوەبەرانی بەگەڕخستن و کۆنترۆڵ بۆ هاوئاهەنگیی بەرز، ئەگەر خوانەخواستە هەر لەکارکەوتن و گرفتێک رووبدات بڕیاری خێرا و گونجاو بدەن بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.''
 
زیاد عەلی فازڵ سەبارەت بە وەستانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆریشەوە گوتی: ''کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی وزە هەبووە، بۆ ماوەی سێ رۆژ ئەو وزەمان لەدەستدا، کە لە هەرێممان هاوردە دەکرد.''
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنان لە کێڵگەکەدا دەکەن. گازی کۆرمۆر، بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، لە 67٪ـی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە