رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند، هەڵوێستیان نەگۆڕە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لەو وادەیەی دیاریکراوە، کە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵە.
ئەمڕۆ سێشەممە 02ـی نیسانی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە کۆبووەوە. لە راگەیێندراوی ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، "لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی جەختکرایەوە، کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 10-06-2024".
کۆبوونەوەکە لە دەباشان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. تەوەرەێکی سەرەکی تاوتوێکردنی بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبەکە بووە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەڤاڵان بە تێکڕا لەگەڵ پابەندێتی هەموو لایەکدا بوون بەو وادەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە".
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی هەرێمی کورستان، لە رێگەی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت".
لە راگەیێدنراوی ئەنجامی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا ئاماژە بەوەشکراوە، داوای هاوڵاتییان بۆ مووچە و ئاوەدانی "تەنیا لە رێگەی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت، کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات".
راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەکاتیكدایە، پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە، بەو شێوەیەی دادگەی فیدراڵی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریان لێداوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەوان ئامادەنین بەشداری تێدا بکەن.
کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو 31ـی ئاداری 2024، دوایین کات بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانی لیست و هاوپەیمانەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەنەبوون لیستی بەربژێرەکانی پێشکێش بکات.
18ی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاندبوو، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان، ئەوەش یەکێکە لە نیگەرانییەکانی پارتی.
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
مەکتەبی سیاسیی بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە، کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە لە وادەی دیاریکراوی خۆی لە 10-06-2024.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو، هەڤاڵان بە تێکڕا لەگەڵ پابەندێتی هەموو لایەک بوون بەو کاتەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە، هەروا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە، کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە لە ئاماژە جەوهەرییەکانی پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە، نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.
مەکتەبی سیاسیی هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە، کە ئەمڕۆ داخوازیی هاووڵاتیان بۆ مووچە و بوجەی ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنیا و تەنیا لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت، کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتیی بۆ روسیای فیدراڵ و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە. کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی سەردانەکەی بە سەرکەوتوو و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا، کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی پەیوەندی یەکێتیی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
02-04-2024
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ