رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو گرێبەستەی بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەی خانووبەرە لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە ''نایاسایی''ـە. گوتیشی ''بەگوێرەی گرێبەستەکە؛ وەکو گوژمەی یەکەم دەبێت 14 ملیار و 350 ملیۆن دینار بدرێتە کۆمپانیاکە، پاشان تاوەکو 10 ساڵ، مانگانە ملیارێک و 300 ملیۆنی پێ بدرێت.''
شیلان عارف، بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بووڵتەنی نیوڕۆژ پێشکێشکرا، پشتڕاستی کردەوە؛ گرێبەستێک بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەی خانووبەرە لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆکراوە.
بەپێی نووسراوێک کە دەست رووداو کەوتووە و بە نهێنی و تایبەت کراوە؛ کۆمپانیاکە داوا لە وەزارەتی داد دەکات هەماهەنگ و هاوکاریان بێت و کارمەندی پسپۆر، شوێنی گونجاو و کارەبای بەردەوامیان بۆ دابین بکات. شیلان عارف گرێبەستەکە بە نایاسایی دەزانێت و رایگەیاند، بەبێ ئاگاداریی ئەوان گرێبەستەکە نووسراوە و لەلایەن ئەنجوومەنی وەزارەتەکەوە هیچ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندێکی بۆ نەکراوە.
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان؛ گشت مامەڵەکانی تۆماری خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بە یاسایەک رێکخراون و بەپێی یاساکە، وەزارەتی داد بەرپرسیارە لە پاراستنی مامەڵەی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان، ''بەڵام ئەوە وەزارەتی داد نییە بیەوێت کارێکی لەو شێوەیە بکات، بەڵکو لەسەرووی وەزارەتی دادەوە دەسەپێنرێت کە مامەڵەکان بکرێنە ئەلیکترۆنی.''
شیلان عارف ئاماژەی دا، هێشتا بە تەواوی روون نییە بڕگەکانی گرێبەستەکە چۆنن و بە چی شێوەیەک کراوە و، لە وەزارەت بە دەستیان نەگەیشتووە، ''بەڵام بەپێی نووسراوەکان کە ئاراستەمان کراون، فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ئەو کارەیان کردووە و داوای ئەوە کراوە بڕی 14ملیار و 350 ملیۆن (دینار) وەکو گوژمەی یەکەم بۆ کۆمپانیاکە خەرج بکرێت، بۆ ئەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ئەم سیستمە دابین بکەن.''
وەک بریکاری وەزارەتی داد گوتی، ''بڕگەیەکی دیکەی گرێبەستەکە ئەوەیە؛ تاوەکو 10 ساڵ، مانگانە یەک ملیار و 300 ملیۆن دینار بدرێتە هەمان کۆمپانیا، کە هێشتا بۆ وەزارەت روون نەبووەتەوە ئەو بڕە پارەیە بۆچی دەدرێت.''
شیلان عارف ئاماژەی بەوە کرد، هاوشێوەی ئەو سیستمە ئەلیکترۆنییە، لەنێو بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی یەک و دووی سلێمانی هەیە، کە ''هەر فەرمانبەرانی خۆمان بە هاوکاریی زانکۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی دروستیان کردووە و لە سەرانسەری عێراق نموونەی نییە.''
بریکاری وەزارەتی داد ئەوەشی خستەڕوو، سیستمە ئەلیکترۆنییەکەی سلێمانی، تەنیا بۆ راییکردنی کاروباری نێو دوو بەڕێوەبەرایەتییەکان بەکاردەهێنرێت، چونکە هێشتا لە هەرێمی کوردستان یاسای واژۆی ئەلیکترۆنی بەرکار نییە، ''بەڵام کاتێک فەرمانبەرانی خۆمان دەتوانن شتێکی هاوشێوە دروست بکەن، ئەگەر گشتاندنی بۆ بکرێت، چ پێویست دەکات پارەیەکی زۆر بدرێت بەو کۆمپانیایە.''
شیلان عارف جەختی لەوە کردەوە ،دژی گرێبەستەکەیە و ''کاتێک فەرمانبەر لەسەر وەزارەتی داد بێت، پارەکە لەسەر وەزارەتی داد بێت، کەلوپەلەکانی ئەو سیستمە لەسەر وەزارەتی داد بێت، لە بەرامبەر چی دەبێت ئەو پارەیە بدەین بەو کۆمپانیایە؟ ئەگەر تەنیا بۆ دروستکردنی سیستمەکەیە بۆچی بۆخۆمان نەیکەین؟''
بریکاری وەزارەتی داد لەبارەی ئەوەی کە هاونیشتمانییان بە مامەڵە ئەلیکترۆنییەکە و گرێبەستی کۆمپانیاکە رازی دەبن یان نا، گوتی، ''ئەگەر بۆیان روونبکرێتەوە، رازی نین و نابێت رازیش بن، چونکە گرێبەستەکە بە رێکاری یاسایی، ئیداری و کارگێڕیدا تێنەپەڕیوە.''
شیلان عارف بەڵگە بۆ ''نایاساییبوون''ـی گرێبەستەکە دەهێنێتەوە و دەڵێت، ''ئامانجی وەزارەتی داد پاراستنی مافی هاووڵاتییانە، بەپێی یاسا، پێویستە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژیی لەوشێوەیە کە پەیوەندیی بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەیە، سەرەتا لە ئەنجوومەنی وەزارەتەوە بخرێتە بەر باس و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، دواتر بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت.''
بریکاری وەزارەتی داد ئاماژەی دا، دژی سیستمی بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەی خانووبەرە نییە، ''بەڵکو لە یەکەم رۆژەوە تەنیا دژی گرێبەستەکە بووم لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە، چونکە بە رێکاری یاسایی و ئیداریی خۆیدا تێنەپەڕیوە و بەفیڕۆدانێکی خەیاڵیی پارە و سامانی گشتیی تێدایە.''
شیلان عارف کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پۆستی بریکاری وەزارەتەکەدایە، رەخنەی لە ''نهێنی''ـبوونی گرێبەستەکە گرت و گوتی، ''بۆچی کارێکی لەو شێوەیە دەبێت بە نهێنی بکرێت؟ لەکاتێکدا کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفافییەت و چاکسازی بووە.''
بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی خانووبەرە جگە لە گەڕانەوەی کات، هەڵگرتنێکی دروستترە بۆ دۆسیەکانی خانووبەرە و پاراستنیان لە دەستکاریکردن و ساختەکاری. ئەو بریکارە ئەوەشی خستەڕوو، ''راستە بەئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان خۆی چاکسازییە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی، پێویستە یاسای تۆماری خانووبەرە هەمووار بکرێتەوە، چونکە بەپێی یاساکەی ئێستا، ناتوانرێت بەئەلیکترۆنی مامەڵەکان رایی بکرێن.''
بریکاری وەزارەتی داد رەتی دەکاتەوە دژایەتیکردنی بۆ گرێبەستەکە پەیوەندیی بە ناکۆکیی سیاسییەوە هەبێت لەگەڵ وەزیری داد کە لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە؛ ''چونکە یەکەم جار بە وەزیرم گوت رازی نیم و پاشان حیزبەکەم نابێت رازی بێت، لەبەرئەوەی ئێمە دەڵێین بە شەفافییەت و چاکسازییەوە کاربکرێت، بەڵام ئەمە کوێی شەفافییەت دەبێت کاتێک سەرجەم بڕگەکانی ئەم گرێبەستە نایاسایی، نائیداری، نهێنی و تایبەت بن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ