رووداو دیجیتاڵ
16 ساڵە زبڵی چۆمان، رواندز و سۆران لە گردی باپشتیان فڕێدەدرێت، بەشێوەیەک دۆڵێکی پڕکردووەتەوە و بووەتە شاخێک لە زبڵ. جگە لە سیما ناشرینەکەی، بۆنی پیس دانیشتووانی سۆران و رواندزی هەراسانکردووە. بەرپرسانی سنوورەکە دەڵێن، ئەم ساڵ دەست بە دروستکردنی کارگەی ریسایکلین دەکەن.
کەڤین حوسێن، پێشکێشکاری بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو، بەشێوەیەکی مەیدانی لە سۆران بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کرد. هەر کەسێکی لە سۆران دواند، باسی بۆنی پیسی خاشاکەکە و گواستنەوەی شوێنی فڕێدانی زبڵەکەیان کرد.
عومەر عەلی، ئاژەڵدارە و دانیشتووی گوندی کاولۆکانە، ماڵەکەی نزیک زبڵەکەیە، بە کەڤین حوسێنی گوت: "نە هاوین و نە زستان لەبەر ئەو زبڵە ئیسراحەتمان نییە، هەرکاتێک رەشەبا هەڵدەکات نایلۆنێکی زۆر بە دەوروبەرەکە بڵاودەکاتەوە و ئاژەڵەکانم دەیخۆن و دەمرن. ساڵانە ئەو زبڵە زیانی 6 هەزار دۆلارم لێدەدات."
بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکان دەڵێن، بەهۆی بۆنی پیسی زبڵەوە میوان نایەنە ماڵم. عەتیە باقی، کابانی ماڵە، دەڵێت: "میوانم دێن و پێم دەڵێن چۆن دەتوانن لێرە بژین."
گردی باپشتیان دەکەوێتە نێوان سۆران و رواندز، نزیکە لە ئاوەدانی و زۆرجار دووکەڵی سووتانی خاشاک بە ئاسمانی دوو شارەکە بڵاودەکاتەوە. رۆژانە زیاتر لە 300 تۆن خاشاک لەوێ فڕێدەدرێت و بەشێوەی زانستی ژێرخاک ناکرێن. ئەمە جگە لە بەتاڵکردنەوەی رۆژانەی دەیان تانکەری پاشەڕۆی توالێتەکان هەر لە گردەکە و تێکەڵبوونەوەی ئەو پاشەڕۆیە بە رووباری باپشتیان.
خاشاکەکە ئەگەر بۆ دانیشتووانی سنووری سۆران جێگەی نیگەرانی بێت، بۆ بەشێکی هاونیشتمانییانی ئەو سنوورە بووەتە سەرچاوەی داهات و بژێویی رۆژانە. مام بەشێر، وەک خۆی بۆ کەڤینی باسکرد، زیاتر لە 10 ساڵە رۆژانە دێتە سەر زبڵەکە و خاشاک جیادەکاتەوە بۆ پەیداکردنی بژێوی رۆژانەی.
ژینگەی سۆران لە شێوازی فڕێدانی خاشاک و شوێنی فڕێدانەکە ناڕازییە. هەژار ماهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداوی گوت: "ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو شێوازەی کۆکردنەوەو فڕێدانی زبڵ و خاشاک دوورە لە هەر ستانداردێکی جیهانی چونکە ناکرێت زبڵ و خاشاک لە ناوەندی سەنتەری دوو شاربێت وە نابێت نزیک بێت لە سەر ڕێگا سەرەکیەکان و لەهەمووی کارەساتتر ئەم زبل و خاشاکەی ئیدارەی سۆران لە رۆخی رووبارەکانە."
لە سنووری 23 شارەوانیی سۆران هیچ کارگەیەکی ریسایکلین نییە، 6 سالە فەرمانی دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکلین لە سۆران دەرچووە، ساڵی رابردوو بەردی بناخەی دانرا، بەڵام جارێکی دیکە شوێنی کارگەکە گواسترایەوە و کارەکانی دروستکردنی راگیراون.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، هۆکاری راگرتنی کارەکانی کارگەکەی بۆ "نەگونجاویی شوێنی کارگەکە" گەڕاندەوە. خەسرۆ ئیسماعیل، لە بەرپرسیار، گوتی: "پار بە فەرمانی سەرۆکوەزیران بڕیاری دروستکردنی کارگەیەکی ریسایکلین درا، شوێنی کارگەکە گونجاو نەبوو نزیکەی 100 دۆنم بوو، شوێنەکە شیاو نەبوو چونکە شوێنەکە نزیکەی 2 هەزار دۆنم زەوی دەفەوتاند، بڕیاری گواستنەوەی دراوە و زەوییەکەش دەستنیشان کراوە، تەنیا چەند کارێکی رۆتینی ماوە، کۆمپانیایەک راسپێردراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی راسپێرداوە، تەنیا گرێبەستکردنی ماوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، چارەسەریی تێکەڵبوونی پاشەڕۆی توالێتی ماڵان دەکەوێتە دوای چارەسەرکردنی خاشاکەکە."ئەگەر کێشەی زبڵەکە چارەسەر بکرێت ئەو کێشەیەش چارەسەر دەبێ."
قایمقامی قەزای سۆران فڕێدانی زبڵ لە باپشتیان بە "ناچاری" ناودەبات. رەجەب زوبێر، لە بەرپرسیار، گوتی: "لیژنەکانمان چاودێریی کۆکردنەوەی خاشاک دەکەن و رێگری دەکەن لە سووتاندن و بەشێکی ئەو زبڵە بە دەست ریسایکل دەکرێت. فڕێدانی زبڵ لەوێ ناچارییە و هەموو شوێنێکی سۆران گەشتیارییە و دەبێ چارەسەریی ئەو زبڵە بکرێت، بڕیار هەیە و تاوەکو کارگەکە دروستدەکرێت، زبڵەکە لەوێ نامێنێت."
وەک قایمقامی سۆران باسیدەکات، پلانی حکومەت هەیە پڕۆژەی ستراتیژی لە سنووری سۆران دروستبکات و بیکاتە ناوەندێکی گەشتیاری." بۆیە دەبێ چارەسەری ئەو بابەتە بکەین."
رووبەڕی گشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 8.4 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 358 هەزار دانیشتووی هەن، کۆی گشتی زبڵ و خاشاکی ئەو سنوورە لە رۆژێکدا زیاتر لە 300 تۆن کۆدەکرێتەوە، مانگانە 13.2 هەزار تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێنەوە و هەر لە گردی باپشتیان فڕێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ