رێکخراوی پەیامنێران: ساڵی رابردوو 116 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانان کراوە

02-02-2025
پەیمان محەممەد
لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێرانی کوردستان.
لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێرانی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەدواداچوونی رێکخراوێکی بەرگریکار لە مافی رۆژنامەڤانان دەریدەخات، ساڵی رابردوو لە ئەنجامی مامەڵەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژنامەڤانان، 116 پێشێلکاری تۆمار کراوە؛ سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باشترین مامەڵەی هەبووە و هیچ پێشێلکارییەکی نەکردووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 02-02-2025، هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، راپۆرتی ئەو پێشێلکارییانەی ساڵی 2024 بەرامبەر رۆژنامەڤانان و دەزگاکانیان لە هەرێمی کوردستان کراون، خستەڕوو.
 
هۆزان قادر رایگەیاند، لە راپۆرتەکەدا لە رێگەی 39 رۆژنامەڤانەوە هەڵسەنگاندن بۆ مامەڵەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو رۆژنامەڤانانە کراوە کە رووماڵی هەواڵەکانی تایبەت بە سەرۆکایەتییەکانیان کردووە.
 
بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، دەرکەوتووە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هیچ پێشێلکارییەکی بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان نەکردووە و هیچ سکاڵایەکیش بەرامبەر سەرۆکایەتییەکە تۆمار نەکراوە.
 
سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان گوتی: ''زۆرترین پێشێلکارییەکان لەکاتی رووماڵە رۆژنامەڤانییەکاندا، لەلایەن دەزگاکانی حکومەتەوە کراون لە رێگەی دەستگیرکردن، دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە رۆژنامەڤانییەکان و رێگەنەدان بە رووماڵ.''
 
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێشێلکارییەکان بە رێگریی لە رۆژنامەڤانان و رووماڵی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکان و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا دێت.
 
هۆزان قادر ئاماژەی بەوە کرد، پێشێلکارییەکان لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە بە شێوەی رێگری لە بەشێکی کەناڵ و رۆژنامەڤانان بۆ رووماڵی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکانی سەرۆکایەتیی حکومەت، جیاکاری لەنێوان دەزگا و میدیاکان لە پێدانی زانیاری و بەرتەسککردنەوەی بڵاوکردنەوەی زانیاری بۆ رۆژنامەڤانان و پێگەی فەرمیی وەزارەتەکان، کراوە.
 
بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، بەگشتی پار 116 پێشێلکاری بەرامبەر 175رۆژنامەڤان و دەزگای راگەیاندن تۆمارکراوە. لەوانە 7 رۆژنامەڤان دەستگیرکراون، 77 جار رێگری لە رووماڵکردن کراوە، 11 جار هێرش و سووکایەتیکردن بە رۆژنامەڤانان هەبووە، هەروەها لە دوو رۆژنامەڤانیش دراوە.
 
وەک هۆزان قادر دەڵێت، هەر لەو ماوەیەدا، دوو رۆژنامەڤان سکاڵایان تۆمار کردووە، هەڕەشە لە دوو رۆژنامەڤان کراوە، سێ جار هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر رۆژنامەڤانان، هەروەها هەر یەکە لە پێشێلکارییەکانی هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی راگەیاندن، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلەکانیان یەک جار روویداوە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە هەولێر بە تۆمارکردنی 41 حاڵەت، زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەڤانانی تێدا تۆمار کراوە، دواتر دهۆک دێت بە 41 پێشێلکاری، هەروەها لە هەڵەبجە 18 جار پێشێلکاریی رۆژنامەڤانی تۆمار کراوە و لە سلێمانیش 13 جار.
 
لەو 116 رۆژنامەڤانەی پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، 109ـیان پیاو و 7ـیان ئافرەت بوون.
 
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان یەکێکە لەو رێکخراوانەی داکۆکی لە مافەکانی رۆژنامەڤانان لە هەرێمی کوردستان دەکات و ساڵانە چەندین راپۆرتی ئاماریی پێشێلکارییەکانی دژ بە رۆژنامەڤانان و دەزگاکانیان بڵاو دەکاتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە