رووداو دیجیتاڵ
سەرمایەدارێکی لوبنانی-فەرەنسی لە هەولێر گیانی لەدەستدا، گوتەبێژی کۆمپانیاکانی حەریر لە هەولێر رەتیدەکاتەوە تەرمەکەی لە هۆتێل مەسایا دۆزرابێتەوە و دەڵێت، ''تاریق گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لەوێ گیانی لەدەستداوە.''
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، کاژێر 08:00ـی شەوی سەری ساڵ، تاریق عەماش، سەرمایەداری لوبنانی-فەرەنسی کە لە بنەماڵەی سەعد حەریری، سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنانە و خاوەنی جێبەجێکاری هۆتێل مەسایایە لە هەولێر، هەر لە هۆتێلەکەدا دۆخی تەندروستی تێکدەچێت و دەگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، تاریق عەماش نەخۆشیی دڵ و چەند نەخۆشییەکی درێژخایەنی دیکەی هەبووە و دوای ئەوەی گەیێندراوەتەوە نەخۆشخانەیەک لە نزیک گوندی لوبنانی، چەند پشکنینێکی بۆ کراوە و دوای نزیکەی 30 خولەک گیانی لەدەستداوە.
ئەم دەنگۆیەش هەیە کە تەرمی تاریق عەماش لە هۆتێل مەسایای شاری هەولێر دۆزراوەتەوە؛ محەممەد میران، گوتەبێژی کۆمپانیاکانی حەریر لە هەولێر رەتیدەکاتەوە ئەو سەرمایەدارە لە هۆتێل گیانی لەدەست دابێت و لەوبارەوە بە رووداوی گوت، ''کاتێک تەندروستیی تێکچووە، کاژێر 08:30ـی شەو کارمەندانی هۆتێل مەسایا گەیاندوویانەتە نەخۆشخانەی نەورۆزی تایبەت، بەپێی بەڵگەنامەی نەخۆشخانەکەش کاژێر 09:00ـی شەوی 31ـی کانوونی یەکەم [2023] لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردووە کە دیاریکراوە نەخۆشیی دڵیشی هەبووە.''
بەپێی ئەو زانیارییەی لە بەرپرسێکی باڵای پارێزگای هەولێریش دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تاریق عەماش، بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە."
تاریق عەماش لەدایکبووی 1966ـە و هەڵگری دوو وڵاتینامەی فەرەنسی و لوبنانی بووە کە بە وڵاتینامەی فەرەنسی هاتووەتەوە هەرێمی کوردستان، محەممەد میران گوتیشی، "تەرمەکەی ئێستا لە دادپزیشکیی هەولێرە و دەنێردرێتەوە لوبنان."
باسی لەوەش کرد، برای سەرمایەدارەکە لە هەولێرە و هیچ سکاڵایەکی سەبارەت بە گیانلەدەستدانی براکەی نییە و زۆریش سوپاسی [هەرێمی کوردستان]ـی کرد کە ئەم رێکارانە گیراونەتەبەر و ئەمڕۆش کاژێر 20:00 لە ماڵی مستەفا حەریری، سەرۆکی رەوەندی لوبنانی پرسەیەک بەڕێوەچوو و بەشێک لە کەسایەتییەکان تێیدا بەشدار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ