راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان: ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتنی سبەی تەواو کراون

01-12-2024
پەیمان محەممەد
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هۆڵی پەرلەمان بۆ دانیشتنی سبەی ئامادە کراوە و سەرجەم ئامادەکارییەکانی دیکەش تەواو کراون. پێشبینیش دەکات سەرجەم لایەنەکان لە دانیشتنی یەکەمدا بەشدار بن.
 
بڕیارە دووشەممە، 02-12-2024، کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''بۆ دانیشتنی سبەی، هەموو ئامادەکارییەکانی هۆڵی پەرلەمان لە رووی تەکنیکی و هونەرییەوە تەواو کراون.''
 
سامان ئەحمەد گوتی لیژنەیەک بۆ پیشوازیکردن لە بەربژێرە دەرچووەکان پێکهێنراوە.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر ناوەندی توێژینەوەی پەرلەمانیش، چەندین نامیلکەی لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیدا، بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتری بەربژێرەکان دەرکردووە.
 
سەبارەت بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانیش لە دانیشتنەکەی سبەیدا، سامان ئەحمەد گوتی ''هیچ یەکێک لە لایەنە براوەکان ئێمەیان ئاگادار نەکردووەتەوە کە بەشداری ناکەن، بەڵام ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت، ئەوەیە کە هەموویان ئامادە دەبن.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنەکەی سبەی بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە و بۆ راگەیاندن کراوە دەبێت.
 
رووداو زانیوێتی هیچ میوانێک بانگهێشتی یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە، بەڵام چەند کۆنسووڵخانەیەک خۆیان داوایان کردووە کە وەکو میوان لە نهۆمی سەرووی هۆڵی دانیشتنەکە ئامادە بن، لەوانە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا، کۆنسووڵخانەی چین، ژاپۆن، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی بەدەستهێنا، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 15 کورسی لە پلەی دووەم و سێیەم بوون.
 
26ی تشرینی دووەمی 2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 417ـی ساڵی 2024 دەرکرد بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە 02-12-2024 کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت."

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە