رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ژینگە دەڵێت، زیاتر لە نیوەی داری دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەواوە لەنێوچوون. ئاماژە بەوەش دەکات، ''نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە هاوکاریمان بکات''.
رۆژی هەینی، 01-12-2023، د. بەهرام خدر، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ژینگە کە لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی بەشدارە، میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد و رایگەیاند، ''بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا زۆر گرنگە، چونکە کوردستان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواوە''.
د. بەهرام خدر گوتی، ''وشکەساڵی کاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبووە. سەرەڕای هەبوونی دارستانێکی یەکجار زۆر، ئێستا زیاتر لە نیوەی دارەکان نەماون، بۆیە پێویست بە چاندنەوەی دار و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی دەکات''.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ''لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، رووبەری سەوزایی، ئاوی ژێرزەوی و ئاوی سەرزەوی کەمبووەتەوە و بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەواش پێویستە پاڵپشتییەکی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەربگرین".
بەهرام خدر دەڵێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی، هاوئاهەنگییان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە و گوتیشی، ''ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی عێراقی کۆبوونەوەمان هەبوو و ئەوان بە هەموو شێوە پاڵپشتمانن و بەڵێنیان داوە هەر پڕۆژەیەک پێشکێش بکەین، پاڵپشتیی تەواوی بکەن".
رووبارە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق زیاتر لە باکووری کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران و تورکیاوە دێن. زۆرجار بەهۆی گرتنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانەوە لەلایەن حکومەتەکانی ئێران و تورکیاوە، هەرێمی کوردستان و عێراق تووشی کەمئاوی دەبن. راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''بڕیارە مانگی شوباتی داهاتوو، وەزیری ژینگەی عێراق و وڵاتانی دەوروبەری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی ئاو کۆببنەوە و لە رووی سیاسییەوە دانوستاندن بکەن.''
پێنجشەممە، 30-11-2023، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، لهسهر بانگهێشتى فهرميى شێخ محهممهد بن زايد ئال نههيان، سهرۆكى ئيمارات و بۆ بەشداریکردن لە كۆنفرانسى نهتهوه يهكگرتووهكان بۆ گۆڕانى كهشوههوا (COP28)، گەیشتە شاری دوبهى؛ هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و چەند وەزیرێکیش بانگهێشتکراون و لەو وڵاتەن.
بەهرام خدر گوتی، ''ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسەکەدا پاڵپشتیکردنە لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی هاوکاریی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.''
کۆنفرانسەکە 30ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد و تاوەکو 12ی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت. سەرکردەکانی 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن و مەبەست لێی، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا، لەگەڵ دەرکردنی چەند بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
بەگوتەی ئەو راوێژکارەی ژینگە، لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەوڵی زۆر دراوە، بەڵام هێشتا لە ئاست چاوەڕوانیدا نییە و پێویستە زۆر لەوە زیاتر بکرێت، گوتیشی، ''نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئامادەن بە هەموو شێوەیەک بۆ چاندن، زیادکردنی سەوزایی و راهێنانی هاووڵاتییان لە کشتوکاڵدا هاوکارمان بن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ