بەیان سامی عەبدولڕەحمان: حکومەت لیژنەیەکی باڵای بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێکهێناوە

01-12-2023
پەیمان محەممەد
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و ژینگە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و ژینگە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا دەڵێت، هەوڵدەدەن لە کۆنفرانسی کۆپ 28 کۆبوونەوەی دووقۆڵییان  لەگەڵ وڵاتان هەبێت، گوتیشی، ئامانجمان لە بەشداریکردن، گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستانە بە رێکخراو و وڵاتان.
 
رۆژی هەینی 01-12-2023، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و ژینگە، لە پەراوێزی کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە دوبەی بە سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''یەکێک لە ئامانجەکانی بەشداریکردنمان لەم کۆنفرانسە، گەیاندنی پەیامی [هەرێمی] کوردستان بەو رێکخراو و حکومەتانەیە کە بەشدارن.''
 
بەیان سامی عەبدولڕەحمان گوتی، بەگشتی عێراق لە بواری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر لە مەترسیدایە و پێنجەم خراپترین وڵاتە، گوتیشی، ''ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان بەشێکین لە عێراق و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەموو جیهان دەگرێتەوە، دەبێ هەموومان هاوکاری یەکدی بین، بۆیە هەوڵدەدەین لە کۆنفرانسەکەدا کۆبوونەوەی دوو قۆڵیمان لەگەڵ وڵاتان هەبێت.''
 
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا یاخود کۆپ 28 یەکێکە لە رووداوە هەرە دیارەکانی ساڵ کە لە دوبەیی ئیمارات بە بەشداریی سەرکردە و بڕیار بەدەستانی جیهان بەڕێوەدەچێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی باگهێشتکراون.
 
 راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا ئاماژەی بەوە کرد، ''یەکەم جارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت لە کۆپ بەشدار دەبن، کە ئەوەش زۆر گرنگە و دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.''
 
مەبەست لە کۆنفرانسەکە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکردنی چەند بڕیارێک و بەرەپێشبردنی چەند هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
 
گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، ''لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵامان بۆ بەرنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوامان پێکهێناوە کە سەرپەرشتیی هەموو شتێک دەکات و پلانمان ئەوەیە خوێندنەوەیەکی زۆر فراوان و ورد لەسەر کەشوهەوای کوردستان بکەین و دواتر ستراتیژییەکی درێژخایەن دابڕێژین.''
 
بڕیارە لە رێگەی سندووقێکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان بودجەیەکی گەورەی 100 ملیار دۆلاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کۆبکاتەوە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان باسی لەوە کرد، ''هەرێمی کوردستان بە دوو رێگە دەتوانێت سوود لە هاوکارییەکان ببینێت، ئێمە بەشێکین لە عێراق و دەتوانین لە رێگەی وەزارەتی ژینگەی عێراقەوە داوای پاڵپشتی لە حکومەتی عێراق و رێکخراوەکان بکەین، یان وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتان و رێکخراوەکان دروست بکەین.''
 
لە دوبەیی ئیمارات لە 30ی تشرینی دووەم تاوەکو 12ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، کە بە کۆپ 28 ناسراوە.
 
 کۆپ کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە 31 ساڵی رابردوودا بەستراون.
 
لە کۆپ 28ی دوبەی، سووڕانەوە بەرەو وزەی پاک و سفرکردنی گازە گەرمکەرەکان تاوەکو 2030 و دابینکردنی پارە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بۆ هەژارەکان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، مژاری گەرمی کۆنفرانسەکە دەبن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو پانێلی وزەی خۆر لەسەر دوو ماڵی گوندەکە دەبیندرێن. وێنە: رووداو

گوندێکی کەرکووک کارەبایان لەڕێگەی وزەی خۆرەوە دابینکردووە و موەلیدەیان نییە

لە گوندێکی سنووری کەرکووک موەلیدەی ئەهلی نییە و دانیشتووانەکەی بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە وزە خۆر دەبەستن. حکومەتی عێراق بڕی 10 تاوەکو 30 ملیۆن دینار بە قەرزی 5 ساڵ بە هەر ماڵێک دەدات کە بیانەوێت سیستمی پانێلی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنن