رووداو دیجیتاڵ
لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک روویدا، بەهۆیەوە دوو کرێکاری پاککەرەوە بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی، 01-11-2024، لەسەر شەقامی 120 مەتریی هەولێر، نزیک رێگەی مەخموور، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک روویدا و بارهەڵگرەکە وەرگەڕا.
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، دوو لە کرێکار بەهۆی رووداوەکەوە بریندار بوون کە هەردووکیان بەنگلادیشین.
شایەتحاڵیک بە پەیامنێری رووداوی رایگەیاند: ''ئۆتۆمبێلەکەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەسەر رێگە وەستا بوو، بارهەڵگرەکەش دەرفەتی رۆیشتنی نەما و خۆی پێدا کێشا.''
شایەتحاڵێکی دیکەش گوتی: ''خێرایی بارهەڵگرەکە زۆر نەبوو، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی دیکە تەواو رێگەی گرتبوو، وەستابوو و چاوەڕێی گەڕانەوەی کرێکارێکی دەکرد."
بارهەڵگرەکە پەینی کیمیایی لە هەولێرەوە بەرەوە پردێ دەگواستەوە. خاوەنبار بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، ئەو بە خێرایی 70 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەڕۆیشت، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی دیکە لە ناکاو وەستاوە، ئەویش هەرچەند لایداوە، لە کۆنترۆڵ دەرچووە و خۆی بە رەسیفی تەنیشت رێگە و ئۆتۆمبێلەکەی خۆڵ و خاشاکدا کێشاوە.''
پەیامنێری رووداو دەڵێت، هەر دوو کرێکارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، کە لە ساڵی 2022 بڵاوکراوەتەوە، ئەو ساڵە لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوونە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ