رووداو دیجیتاڵ
10 رۆژە چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ناوچەی سۆمای ورمێ دەستبەسەرکراون و کەسوکاری پێشمەرگەکان داوایانکردووە زانیارییان پێبدرێت لەبارەی چارەنووسیان؛ بەڕێوەبەرایەتیی داد و ئیتڵاعاتی ورمێش وەڵامی داواکاریی کەسوکاریان لەبارەی چارەنووسی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە نادەنەوە.
ئەو چوار پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، پێژمان فاتحی، هەژیر فەرامەرزی و وەفا ئازەربار لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعات لە ناوچەی سۆمای ورمێ دەستبەسەر کراون. ئەو پێشمەرگانە خەڵکی شارەکانی مهاباد، بۆکان، کامێران و دێولانن.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کە هەواڵەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاودەکەنەوە، لە دوو راپۆرتی جیادا دەڵێن، کەسوکاری پێشمەرگە دەستبەسەرکراوەکان لە ورمێ سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی داد، دادگەی شۆڕش و بەڕێوەبەرایەتیی ئیتڵاعاتی شارەکەیان کردووە تاوەکو زانیارییان پێبدرێت لەبارەی دۆخی کوڕەکانیان، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
ئیتڵاعات لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە، ئەو چوار پێشمەرگەیە بە زیندوویی کەوتوونەتە دەست هێزەکانیان و بە هەوڵدان بۆ چالاکیی چەکداری و تەقاندنەوە تۆمەتباری کردوون، بەڵام کۆمەڵە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، پێشمەرگەکانی بۆ کاروباری رێکخستن و پەیوەندیکردن بە خەڵک چوونەتەوە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەکدار نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ