رووداو دیجیتاڵ
پێنجەم بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، خۆراکی مانگەکەیان بۆ هاتووە و هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی تەممووزی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سنوورەکەی ئێمە، هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی پێنجەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دەستپێدەکات".
کامەران فەتاح گوتی، جگە لە رۆنی شل، تەواوی بەشەخۆراکی پێنجەم لە کۆگەکان ئامادەیە؛ گوتیشی: "تاوەکو ئەمڕۆ رۆنی شلی بەشی چوارەمیشمان بە تەواوی دابەش نەکردووە و چاوەڕوانین بەدەستمان بگات".
ئەوەی لە بەشەخۆراکی پێنجەم دابەش دەکرێت بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە: نۆ کیلۆ ئارد، دوو کیلۆ و نیو برنج، کیلۆیەک شەکر، نیو کیلۆ نیسک، نیوکیلۆ لەتکە نۆک (ئارینۆک).
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا ئاگاداری بریکارەکانی بەشێکی هەولێری کردەوە کە سبەی سەردانیان بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی بەشە خۆراکی پێنجەمی ئەم ساڵ.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ