رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش لە سنوورەکە و ناڕەزایی هاونیشتمانیان، دوو پاڵاوگەی بێ مۆڵەت لە سنووری ناحیەی شەمامک لە پارێزگای هەولێر داخران.
لیژنەیەک لە ژینگەی هەولێر، قایمقامییەتی هەولێر و ناحیەی شەمامک بۆ داخستنی پاڵاوگەکانی سنووری شەمامک پێکهێندراوە. دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەسەر سکاڵا و داوای هاونیشتمانیان، لیژنەمان بۆ داخستنی هەموو ئەو پاڵاوگانەی بێ مۆڵەتن پێکهێناوە".
دڵشاد هیرانی گوتی: "دوو پاڵاوگەمان لە سنووری ناحیەی شەمامک داخستوون و دۆسێیان بۆ کراوەتەوە، چونکە ببوونە هۆی دەردانی دووکەڵێکی پیس و پیسبوونی ژینگە".
بە خاوەن پاڵاوگەکان گوتراوە مۆڵەتی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و رەزامەندی ژینگەی هەولێر وەربگرن. بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، هەر کاتێک پاڵاوگەکان مەرجەکانی ژینگە و رێکارەکانی مۆڵەتیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان جێبەجێ کرد، دەکرێنەوە.
لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک پاڵاوگەی بێ مۆڵەت هەن و ناوبەناو دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و ئەوەش ناڕەزایی هاونیشتمانیانی لێ دەکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ