رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین بە رووداوی گوت، هەندێک ناوچەی عەفرین هەن گەڕانەوەی هاونیشتمانیان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان تێیاندا ئەستەمە.
ئازاد عوسمان، ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە عەفرین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ زێدی خۆیان و لەو چوارچێوەیەدا "سەتان" خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی خۆجێیی لە عەفرین گوتی، "لە هەندێک گوندی سنوورەکە دۆخەکە ئاساییە و هەر کەسێک دەگەڕێتەوە بە چەند رۆژێکی کەم دەتوانێت ماڵ و موڵکی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام هەندێک شوێن زۆر زەحمەتە. ئێمەش ناتوانین هاوکارییان بکەین، تەنیا لە رێگەی دادگەوە نەبێت."
بە گوتەی ئازاد عوسمان، ئەو ناوچانەی لە سنووری عەفرین گەڕانەوەی خەڵکی سنوورەکە بۆیان ئەستەمە، ئەو شوێنانەن کە گرووپی چەکداریی عەمشاتی پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیایان تێدایە، کە جگە لە ناحیەی شیا، کۆمەڵێک گوندی سنووری عەفرینیان لەژێر دەستدایە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین گوتی، بەشێکی خەڵکی دیمەشق و حمس ئامادە نین خانووی کوردانی عەفرین چۆڵ بکەن و دەڵێن، "هەر کوردێک لە ماڵی خۆیدا نەبێت واتە پەکەکەیە و دەست دەگرین بەسەر موڵکەکەیدا. ئێمەش دەڵێین ئەو گوتانە نابێت قبووڵ بکرێن."
ئازاد عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک کەس لە گەڕانەوەدا کارئاسانیی باشیان بۆ دەکرێت؛ گوتیشی، "حکومەتی کاتیی ناوچەکە بەڵێنی کارکردنی داوە بۆ گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین بۆ خاکی خۆیان و دەبێت پابەندی بەڵێنی خۆیان بن."
مەترسی لەسەر ژیانی کەسایەتییە کوردەکانە
دادوەرێکی ژن بەناوی نەورۆز حەسۆ لە دادگەی عەفرین رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە، ئەوەش دوای بڕیاری چۆڵکردنی خانووی کوردانی سنوورەکە لە عەرەبی هاوردە و گەڕانەوەیان بۆ هاونیشتمانییان لەلایەن دادگەوە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرین دەڵێت، "حاکم نەورۆز دەتوانێت سکاڵا دژی ئەو کەسانە تۆمار بکات کە هەڕەشەیان لێکردووە و ئێمەش پشتیوانیی دەکەین؛ یاسا هەیە."
لەبارەی دۆخی ئێستای عەفرین، ئازاد عوسمان گوتی، دۆخی سنوورەکە ئێستا باشترە لە ساڵی رابردوو، بەڵام ئەو دەسەڵاتە کاتییەی لە عەفرین باڵادەستە بەگوێرەی چاوەڕوانیی ئەوان کاری نەکردووە و "ئەزموونێکی سەرنەکەوتوو بووە."
بڕیارێکی دادگە بۆ چۆڵکردنی ماڵی هاونیشتمانییان
چەند رۆژێک لەمەوبەر دادگەی عەفرین بڕیاری دا عەرەبی هاوردە لە عەفرین نزیکەی 150 خانووی هاونیشتمانیان چۆڵ بکەن. یەکێک لە دیارترین دادوەرەکانی ئەو دادگەیەش هاونیشتمانییەکە بەناوی نەورۆز حەسۆ، ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایی هاوردەکان و ئاڵۆزبوونی دۆخی ناوچەکە.
پێنجشەممەی رابردوو عەرەبی هاوردە لە ناوەندی شاری عەفرین کۆبوونەوە. لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت پیاوێکی عەگاڵ بەسەر بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات، "تاوەکو محەممەد شێخ رەشید و دادوەر نێرگز نەڕوخێن، شەقامی عەفرین ئارام نابێتەوە."
محەممەد شێخ رەشیدیش کوردە و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی عەفرینە. خۆپێشاندەرە توڕەکە هەروەها هاوار دەکات، "نەورۆز سەری ئاژاوەی پەکەکەیە لە عەفرین و داوای لەکارلادانی دەکەین."
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا – پەدەکەسە، دوێنێ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نەورۆز کچێکی کوردە و پێش داگیرکردنی عەفرین پارێزەر بووە، دواتر بووەتە دادوەر؛ بڕیارەکەش دژی عەرەبی هاوردە بە رۆڵی ئەو بووە."
عەبدولڕەحمان ئاپۆ گوتیشی، "بڕیارەکە دەڵێت هەندێک عەرەبی هاوردە کە چوونەتە خانووی کوردەوە دەبێت چۆڵی بکەن، ئەوەش ناڕەزایی عەرەبە هاوردەکانی لێ کەوتوەتەوە و دەڵێن دادوەر نەورۆز حەسۆ سەر بە پەیەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە؛ هەموو کاتێک ئەو تۆمەتانەیان ئامادەیە."
ئەو عەرەبانەی براونەتە خانووی هاونیشتمانیانی کوردەوە لە عەفرین، عەرەبی شارەکانی دیمەشق، دەرعا، حمس و دێرەزوورن.
هەروەها ئیبراهیم شێخۆ، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان دوێنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی بڕیارەکەیەوە ئێستا مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی دادوەر نەورۆز حەسۆ هەیە."
بە گوتەی شێخۆ، "لە دوای بڕیارەکەوە عەرەبی هاوردە لە عەفرین بە ئاشکرا هەڕەشە لە دادوەرە کوردەکە دەکەن و دەشیانەوێت نەتەوەپەرستی لە سنوورەکە پەرەپێبدەن."
بە گوتەی ئەو چالاکڤانەی رۆژئاوای کوردستان، دادوەر نەورۆز حەسۆ تاوەکو دوێنێ لە عەفرین ماوە و پێنجشەممەش دەوامی خۆی کردووە، بەڵام "مەترسیی دەستگیرکردن و کوشتنیشی هەیە."
ئیبراهیم شێخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، دوای بڕیارەکە، ئێستا تۆمەتێک بۆ دادوەر نەورۆز حەسۆ دروستکراوە و دەڵێن، "سەر بە پەکەکە و قەندیلە."
ساڵی 2018، سوپای تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکی هێرشیان کردە سەر هەرێمی عەفرین، کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بوو و دوای شەڕێکی دوو مانگە و لە 18ی ئازاری 2018دا داگیریان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ