چوار بەنداو لە ئیلام دروست دەکرێن

01-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار بەنداو دروست دەکرێن. بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگاکە دەڵێت، یەکێک لە بەنداوەکان 77%ی کارەکانی تەواو بوون.
 
سادق عەلیمورادی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، چوار بەنداوی دیکە لە سنووری پارێزگاکە دروست دەکرێن، کە کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی ئاوی ناوچەکە و کارەبا دەبێت.
 
بەنداوەکان بەناوەکانی سیکانی دەڕەشار، چنارەی چەرداوەڵ، گودارخۆشی ساڵحئاوا و میمەی دێلرانن کە بە گوتەی سادق عەلیموردای، 77%ی کارەکانی بەنداوی میمەی دێلران تەواوکراون و چەند مانگێکی دیکە دەکەوێتە قۆناخی خزمەتگوزارییەوە.
 
ئێستا پێنج بەنداو لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستانن. بەڕێوەبەری ئاوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی پارێزگاکە دەڵێت، بڕی ئاوی پێویست لەو بەنداوانەدا هەیە و هۆکارەکەیشی بۆ بارینی بارانی باش گەڕاندەوە.
 
بەنداوی سیمرە گەورەترین بەنداوی پارێزگاکەیە کە لە نزیک دەڕەشار هەڵکەوتووە و توانای گلدانەوەی سێ هەزار و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە؛ بەنداوی ئیلامیش دەکەوێتە 20 کیلۆمەتریی ناوەندی پارێزگاکە و ئاوی تەواوی دانیشتووانی شاری ئیلام و شاری مەلەکشاهی دابین دەکات.
 
بەنداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی سنووری ئیلام کاریگەرییان لەسەر ئاوی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
ئێران و تورکیا ژمارەیەک بەنداویان لەسەر ئەو رووبارانە دروستکردوون کە دەڕژێنە نێو هەرێمی کوردستان و عێراق کە بە گوتەی د. جیهان محەممەد فەتاح، سەرۆکی بەشی ئەندازیاریی بەنداو لە زانکۆی سەلاحەدین، ئاوی رووباری سیروان ساڵانە بەهۆی بەنداوەکانی ئێرانەوە بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە بەنداوی دەربەندیخان 75%ی ئاوی خۆی لە رووباری سیروانەوە وەردەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە