رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی وان دەڵیت، باکووری کوردستان بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و پێویستی بە هاوکاریی هاونیشتمانییانی باشوورە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "دەمانەوێت خوشک و برای ئێمە لە باشوور، وڵاتی ئێمە بناسن."
ئەمڕۆ شەممە 01-06-2025 عەبدوڵڵا زێدان، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان لە کۆنفرانسی (کاریگەریی راگەیاندن لەسەر گەشەکردنی کەرتی بازرگانی و گەشتوگوزار) کە لە وان بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "هیچ جیاوازییەک لەنێوان شارەکانی باکوور و باشووری کوردستان نابینین. ئێمە نەتەوەیەکین و کەسوکاری یەکدین."
عەبدوڵڵا زێدان گوتیشی، "ژیانی کورد، تورک و گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی بە قۆناخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و هۆکارەکەشی بۆ لاوازبوونی پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی دەگەڕێتەوە. بەداخەوە لەسەر رەگەزپەرستی کار دەکرێت."
سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان پێیوایە، "ئەگەر لە وڵاتی ئێمە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەر نەتەوە و زمانێک رێزی بەرامبەرەکەی بگرێت، ئایین و نەتەوەکان باشتر دەتوانن خۆیان دەربخەن و دەوڵەمەندتر دەبن."
عەبدوڵڵا زێدان جەختی لە پێویستیی بوونی ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی کردەوە و گوتی، "ئەگەر لە ناوچەیەکدا دادپەروەری، دیموکراسی و ئاشتەوایی نەبێت، لە هەموو بوارێکدا لەدەستچوون هەیە."
بە گوتەی سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان، ئەرکی سەرەکیی پێکهێنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە ئەستۆی رۆژنامەڤانان، "چونکە رۆژنامەڤانان چاو و گوێی کۆمەڵگەن و دەبێت پشتگیریی راستییەکان بکەن."
عەبدوڵڵا زێدان ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت رۆژنامەڤانان پاڵپشتی لە دیموکراسی، ئاشتەوایی و ژیانێکی ئازاد بکەن و گوتی، "ئەگەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەبێت، ژیانی خەڵک لە بواری ئابوورییەوە باشتر دەبێت."
ئەو سەرۆکەی گەورەشارەوانیی وان، بەهێزکردنی ئاشتەوایی و سەقامگیری بە هۆکاری بووژانەوەی کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکەی دەزانێت و دەڵێت، "لەگەڵ پارێزگەکانی باشوور پەیوەندی و تێکەڵیمان هەیە و دەمانەوێت خوشک و برای ئێمە لە باشوور وڵاتی ئێمە بناسن."
عەبدوڵڵا زێدان گوتیشی، ئێستا هاونیشتمانییان لە باکوور بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن و پێویستیان بە پشتیوانیی هاونیشتمانییانی باشوورە؛ گوتیشی، لە باکووری کوردستان دەرفەتی کار کەمە و گەنجان ناچارن دوای تەواوکردنی زانکۆ بۆ دۆزینەوەی کار روو لە شارەکانی رۆژئاوای تورکیا بکەن.
عەبدوڵڵا زێدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31ی ئاداری تورکیا و باکووری کوردستان زیاتر لە 55%ی دەنگەکانی وانی بەدەستهێنا و پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ