رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی نوێترین ئاماری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بۆ رووداو، 1247 منداڵ لە شەقامەکاندا کار دەکەن و زۆرینەیان لە سلێمانین؛ پاشان دهۆک و دواتر هەولێر.
ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیرانی 2024 کە رۆژی جیهانیی منداڵانە، رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان نوێترین ئاماری منداڵانی کارکەری دایە رووداو.
ئامارەکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیە:
- سلێمانی: 443 منداڵ
- هەولێر: 390 منداڵ
- دهۆک: 414 منداڵ
- هەڵەبجە: 0 منداڵ
ئەو کەسانەی وەکو منداڵی کارکەر تۆمار دەکرێن، تەمەنیان لە دوو بۆ 14 ساڵە.
ئەمڕۆ شەممە 1ی حوزەیران، نوعمان عەبدولڕەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی منداڵپارێزی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "منداڵپارێزی کوردستان لە رێگەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەوە لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوبەشی لیژنەی چاودێریکردن و پاراستنی منداڵانی کارکەر ئەو منداڵانەی تۆمار کردووە."
جگە لەو منداڵانەی وەکو کارکەر تۆمارکراون، ژمارەیەکی دیکەی منداڵان لە شەقام و بازاڕەکاندا کار دەکەن و بە هۆکاری جیاواز تۆمار نەکراون.
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک منداڵان لە شەقام و ترافیک لایتەکاندا کار دەکەن. منداڵپارێزی کوردستان پێیوایە، منداڵانی کارکەر لەلایەن خێزانەکانیانەوە بەکاردەهێندرێن. نوعمان عەبدولڕەحمان دەڵێت، لەکاتی دەستنیشانکردنی منداڵانی کارکەردا هۆشداری بە دایک و باوکی منداڵەکان دەدرێت لەسەر مەترسییەکانی کارکردنی منداڵان.
ئەو منداڵانەی لە ئامارەکەدا تۆمار کراون، ئەوانەن لەکاتی کارکردندا بوون و لیژنەکان بە شێوەی مەیدانی سەردانیان کردوون و فۆرمیان بۆ پڕکردوونەتەوە. منداڵی دیکەی کارکەریش هەن و تۆمار نەکراون.
ساڵی 2022 ژمارەکە زیاتر بووە. بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە بۆ رووداو، لەو ساڵەدا 1248 منداڵ لە بازاڕ و شەقامەکاندا کاریان کردووە کە زۆرینەیان لە دهۆک بووە و لە هەڵەبجەش هیچ منداڵێکی کارکەر نەبووە.
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر، منداڵی کارکەر لە هەولێر و دهۆک زیاتر بووە و لە سلێمانی کەمتر بووە، هەرچی لە پارێزگای هەڵەبجەیە ئێستا و رابردووش هیچ منداڵێکی کارکەری تێدا تۆمار نەکراوە.
منداڵانی کارکەر لە ساڵی 2022 بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەی خوارەوە بوون:
دهۆک: 560 منداڵ
هەولێر: 508 منداڵ
سلێمانی: 180 منداڵ
هەڵەبجە: 0 منداڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ