رووداو دیجیتاڵ
11 رۆژە دەروازەی سنووریی پێشخابوور - سێمالکا داخراوە، ئەوەش کاری کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کاڵای بۆ رۆژئاوای کوردستان وەستاندووە و خاوەنی کۆمپانیایەک دەڵێت، لە 11 رۆژدا 30 هەزار دۆلار زیانیان کردووە.
یەکێک لە کۆمپانیاکان هەفتانە 60 تۆن کاڵای بۆ رۆژئاوای کوردستان گواستووەتەوە، هەروەها مانگانەش 30 تۆن کەلوپەلیان لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەهێنایە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەوکاتەوە دەروازەی سنووریی پێشخابوور - سێمالکا داخراوە، کارەکانی ئەوانیش وەستاوە.
سعود گەرشی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار بۆ گواستنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داخستنی دەروازەی سێمالکا نزیکەی دەفتەر و نیوێک زیانی لێداوین. ئەمە تەنیا زیانەکانی کرێی شوێن و کرێکارەکانمانە."
هاونیشتمانییەک کە باوکی چوار منداڵە و دوو ساڵە وەکو شۆفێر کاری لەگەڵ کۆمپانیایەکی گواستنەوە کردووە، دەڵێت، داخستنی ئەو دەروازە ترسی لای ئەو دروستکردووە کە نەتوانێت بژێویی منداڵەکانی دابین بکات.
مەیسەر ئیبراهیم، شۆفێر بە رووداوی گوت، بەهۆی داخستنی دەروازە سنوورییەکەوە ماوەیەکە بێ کار ماوەتەوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە بژێویی خێزان و کرێی خانوویشی لەسەرە.
کۆمپانیاکە پۆستی خەڵک، مادەی خۆراکی، پۆستی بازرگانی و کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە دەگوازێتەوە رۆژئاوای کوردستان، لەوێشەوە هەمان کاڵا و کەلوپەل دەهێنێتە هەرێمی کوردستان.
شۆڕش تاریق، بازرگانە و باس لەوە دەکات، "لەوانەیە هەفتەی هەشت بەڕاد بڕوات، ئەگەر 11 رۆژ لێرە راوەستێت، نزیکەی 20 هەزار دۆلار زیان دەکات."
لە 20ـی مانگی رابردووەوە دەروازەی سنووریی سێمێلکا - پێشخابوور تاوەکو ماوەیەکی نادیار داخراوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر دۆخی هاونیشتمانییان لە رۆژئاوای کوردستان دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ